شێروان دووبەردانی: کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق لە ماددەی 1 تا ماددەی 12 دەنگی لەسەر دەدرێت

شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەنێت، لە دانیشتنی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر مادەی 1 تاوەکو ماددەی 12 دەدرێت. هاوکات دەشڵێت، رێککەوتن لەسەر ماددەی 13 و 14 نەکراوە و بەیانی رۆژی هەینی لیژنەی دارایی کۆبوونەوەی لەبارەیەوە دەکات.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، بۆ دانیشتنی ئەمشەو رێککەوتن کراوە لە ماددەی 1 تا ماددەی 12 دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەندەکرێت.

هەروەها راشیگەیاند، دواتر بۆ ماددەی 13 و 14، بەیانی رۆژی هەینی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی لەبارەوە دەکات و بڕیاری لەسەر دەدات.

باسی لەوەشکرد، دوای رێککەوتن لەسەر ماددەی 13 و 14، پێشبینی دەکرێت رۆژی شەممە پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ پەسەنکردنی ئەو ماددانەی کە ماون.

ئەو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، بەدەر لە ماددەی 13 و 14 چەندین ماددەی دیکە هەیە کێشەی لەسەر هەیە، بە تایبەت لە نێوان لایەنە شیعەکان و سوونەکان، کێشەکان هێشتا ماوەن چارەسەرنەکراوە لە نێوانییان.

لەبارەی پشووی پەرلەمانی عێراق، شێروان دووبەردانی، گوتی، لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق لە ماددەی 22 و برگەی دووەم پەرلەمان ناچێتە پشوو ئەگەر رەشنووسی بودجە پەسەند نەکرابێت.

دووبەردانی، جەختی لەوەشکردەوە، شەممە دانیشتنی فەرمیی پەرلەمانی عێراقە، دەنگ لەسەر پرۆژەی یاسای بودجە بە تەواوی دەدرێت.

رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.

لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.