نه‌رمین مه‌عرووف: لیژنه‌ی دارایی ده‌نگی له‌سه‌ر زۆربه‌ی بڕگه و مادده‌كانی ناو ره‌شنووسه‌كه داوه
K24 - هەولێر:
بڕیار وایه كاتژمێر 6ـی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 9ـی حوزه‌یرانی 2023، دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌باره‌ت به په‌سندكردنی بودجه‌ی فیدڕاڵی بۆ ساڵه‌كانی 2023، 2024 و 2025 به‌ڕێوه‌بچێت، هاوكات ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، لیژنه‌ی دارایی ده‌نگی له‌سه‌ر زۆربه‌ی بڕگه و مادده‌كانی ناو ره‌شنووسه‌كه داوه.
نه‌رمین مه‌عرووف، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق تایبه‌ت به كوردستان24ـی رایگه‌یاند، كه تا ئێستا لیژنه‌ی دارایی كۆبوونه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجام نه‌داوه، به‌هۆی چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه له‌ناو په‌رله‌مان. روونیشیكرده‌وه له په‌راوێزی لێكنزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی هه‌ر ئه‌مڕۆ كراون، كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجام بدرێت سه‌باره‌ت به‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ناو مادده و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا ئه‌نجام دراون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لیژنه‌ی دارایی ده‌نگی له‌سه‌ر زۆربه‌ی بڕگه و مادده‌كانی ناو ره‌شنووسه‌كه داوه، گوتیشی، شه‌وی رابردوو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له لیژنه‌ی دارایی ده‌نگ له‌سه‌ر زۆربه‌ی مادده و بڕگه‌كان درابوو، به‌ڵام ناكۆكی له‌سه‌ر مادده‌ی دووه‌م دروست بوو، باسی له‌وه‌ش كرد، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لیژنه‌ی داراییدا له مادده‌ی نۆوه ده‌ست به په‌سندكردن ده‌ده‌ن، به‌ڵام دیار نییه له‌ناو كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا بارودۆخه‌كه چۆن ده‌بێت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به هه‌ردوو مادده‌ی 13 و 14، روونیكرده‌وه، كه ته‌نها ئه‌و دوو مادده‌یه رێگر نین له‌به‌رده‌م تێپه‌ڕاندنی بودجه، به‌ڵكو له‌ناو شیعه و سوننهشدا ناكۆكی هه‌یه. جه‌ختیشكرده‌وه، كه فراكسیۆنی یه‌كێتی له په‌رله‌مان پێداگره له‌سه‌ر دوو پێشنیازه‌كه‌ی، كه تایبه‌ته به پشكی پارێزگاكان و گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه، گوتیشی تا كۆتایی كار بۆ جێگیركردنی ده‌كه‌ن.
دوای چەندین جار دواخستن، دواجار دانیشتنی ژمارە 28ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق تایبەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی دارایی 2023 – 2024 – 2025 ، بە سەرۆكایەتی محەممەد حەلبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و بە ئامادەبوونی 258 ئەندام دوێنێ پینجشه‌ممه بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا لە کۆی 67 ماددەی پڕۆژەیاساکە، خوێندنەوە بۆ هەشت ماددە کرا و تێیدا ماددەکانی یەک، سێ، پێنج، شەش، حەوت و هەشت پەسەندکران.
هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا دەنگدان بە ماددەی دوو لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق دواخرا و ماددەی چواری پڕۆژەیاساکە لادرا.
دوای خوێندنەوەی هەشت ماددە لە پڕۆژەیاساکە، سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق، محەمەد حەلبووسی دانیشتنەکەی بۆ کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی دواخست و دووباره به‌هۆی نوێژی هه‌ینی، كۆبوونه‌وه‌كه بۆ كاتژمێر 3:00ـی ئێواره دواخرا.
رۆژی 13/3/2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، بڕیاره په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ندی بكات.
پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبوو، قەبارەی بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەگاتە 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینار و کورتھێنان لە بودجەی ئەمساڵدا دەگاتە 63 تریلیۆن دینار.