ھێرش بۆ سەر داعش دەستیپێكرد

"ھێزەكانمان لە پێشڕەویدان"

K24 - ھەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندێكی باشووری شاری مووسڵ ھێرش بۆ سەر چەكدارانی داعش دەستیپێكرد، ئەفسەرێكی سوپای عێراقیش رایگەیاند، ھێزەكانیان لە پێشڕەویدان بۆ رزگاركردنی ئەو گوندە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی كوردستان24 رائید ئەمین شێخانی ئەفسەر لە لیوای 91ی ھەولێری سەر بە فیرقەی 15 لە سوپای عێراق رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھێرشیان بۆ سەرچەكدارانی داعش لە گوندی عۆسەجەی باشووری مووسڵ دەستپێكردووە".

گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنەكە لە ھەردوولای باكوور و باشوورەوە بۆ سەر چەكدارانی داعش لە عۆسەجە بەڕێوەدەچێت و ھێزەكانمان لە پێشڕەویدان بۆ رزگاركردنی گوندەكە لە دەستی داعش".

گوندی عۆسەجە دەكەوێتە باشووری شاری مووسڵ زیاتر لە دووساڵە كەوتووەتە دەستی داعش، لە ئێستادا زیاتر لە 700 خێزان لە گوندەكە نیشتەجێن.