ئەردۆغان بۆچی "سندوقی رەشی خۆی" کردە وەزیری دەرەوەی تورکیا؟

هاکان فیدان
هاکان فیدان

K24 - هەولێر

سەرۆکی هاواڵگری تورکیا "میت" لەکابینەی نوێی حکومەتەکەی ئەردۆغان، دەبێتە وەزیری دەرەوەی تورکیا. بە گوتەی بەرپرسان، هاکان فیدان ئارەزووێکی زۆری بۆ سیاسەت هەیە. لەکاتێکدا کاری سیاسەتی دەرەوە، بۆ کەسانی دیپلۆماتکارانە نەک بۆ کەسانی ئاسایش، هەرچەندە ئەوانەی لە نزیکەوە فیدان دەناسن، پێشبینی ئەوە دەکەن کە سەرکەوتوو بێت لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا.

دیارترین قسەی سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوە بووە کە هاکان فیدانی بە "سندوقی ڕەش و پاسەوانی نهێنی خۆی" ناوی دەبرد، باوەڕ وایە فیدان یەکەم کەس بووە کە پلانی کودەتاکەی ساڵی 2016ی دژ بە دەسەڵاتی تورکیا ئاشکرا کردووە.

سەرچاوەیەکی تورکیا باس لە سیاسەتێکی نوێ لەو وڵاتە دەکات و دەڵێت، زۆر کەس پێشبینی دەکەن فیدان لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت، چونکە ئەو خاوەنی پەیوەندی و زانیارییەکانە و دەزانێت چۆن وەبەرهێنانیان تێدا بکات، جگە لەمەش ئەو ڕۆڵە دەرەکییە گەورەیەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بینیووە، بوەتە هۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا، بەرەو "سفرکردنی کێشەکان".

لەراستیدا فیدان خاڵی پەیوەندیکردن بوو لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە حکومەتی تورکیا دوژمنایەتی حکومەتەکانیانی دەکرد، وەک سووریا و میسر و ئێران، هەروەها بەم دواییە پرۆسەی دانوستانێکی فراوانی لەگەڵ سووریا دەستپێکردووە، بەبێ ئەوەی شوێنی کۆبوونەوەکان دیاری بکات.

بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای ئاسایشی گشتی لوبنان، عەباس ئیبراهیم، ​​پێی وایە دەستبەکاربوونی فیدان"رۆڵی ئەرێنی دەبینێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا".

ئیبراهیم ئاماژە بەوە دەدات، فیدان توانایەکی بەرزی هەیە بۆ دروستکردنی متمانە لەگەڵ لایەنی سووریا و روونی دەکاتەوە کە "کاری لەسەر دۆسیە ئەمنی و سیاسی و سەربازییەکانی بوونی تورکیا لە سووریا کردووە، هەروەها باسی لە پەیوەندی فیدان لەگەڵ بەرپرسانی سووریا کردووە بۆ رێکخستنی ناکۆکی تورکیا و سووریا لەسەر خاک.

نزیکەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە فیدان زۆر ئارەزووی زۆری بۆ تەکنەلۆژیا هەیە و، هەوڵی زۆر دەدات بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای بەرز بۆ دەزگای هەواڵگری.

عەباس ئیبراهیم گوتیشی، شیکارییەکانی فیدان وردن، پەیامەکانیشی راشکاوانە و روونن، هەروەها کەسایەتییەکی زۆر ئارامە و گوێگرێکی باشە و پەیوەندییەکانی خۆی دەپارێزێت و لە هەموو بارودۆخێکدا پەیوەندی لەگەڵیدا نابڕێت.

زۆر شت لەسەر "ڕق"ی ئیسرائیل لە فیدان نووسراوە، کە رۆژنامەی واشنتن پۆست لە ساڵی 2013 تۆمەتباری کرد بە رادەستکردنی 10 سیخوڕی ئیسرائیلی بە ئێران، هەروەها راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز هەیە کە باس لە دابەزینی هاوکارییەکانی تورکیا و ئیسرائیل دەکات، ئەمەش بەهۆی ترسی ئەوەی فیدان زانیاری بۆ هەواڵگری ئێران و بۆ موجاهدینەکانی سووریا دزەپێبکات.

لە راستیدا هاکان فیدان خاوەنی ژیاننامەیەکی سەرنجڕاکێشە کە تیایدا لایەنی پراکتیکی کەمترە، بەو پێیەی کەسایەتییەکی وریایە کە تورکەکان دەنگیان نەبیستووە جگە لە وتاری قبوڵکردنی وەزارەتەکەی.

لە ڕووی کەسییەوە فیدان خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە، لە ساڵی 1968 لە ئەنقەرەی پایتەخت لەدایک بووە، لە ساڵی 1986 خوێندنی لە قوتابخانەی هێزەکانی پیادە تەواو کردووە، دواتر لە قوتابخانەی زمانەکانی خویندووە، لەنێوان ساڵانی 1986 تا 2001 لەیەکەی دەستوەردانی خێرا لە هاوپەیمانی ناتۆ کاری کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، فیدان دوژمنایەتی گروپەکەی فەتحوڵا گولەن دەکات، کە لە هاوپەیمانی ئەردۆغانەوە بۆتە خراپترین دوژمنی. فیدان لە نزیکەوە چاودێری گرووپەکەی دەکرد.

سەرەڕای ئەو تۆمەتانە، فیدان ئەو دەسەڵاتەی بەکارهێنا کە لە پشتیوانی ئەردۆغان بەدەستی هێنابوو بۆ دووبارە پێکهێنانەوەی دەزگای هەواڵگری و یەکێک لە دەستکەوتەکانی دامەزراندنی "بەشی سەرچاوەی کراوە" کە گەورەترین دەستکەوتی ئەو بوو، ئێردام ئاتای دەڵێت کۆتایی هێنان بە شەڕی هەواڵگری بوو لە نێوان ستافی گشتی و جەندرمە لە کاتێکدا ئەنجومەنی هەماهەنگی هەواڵگری نیشتمانی پێکهێنرا.