حکومەتی عێراق بۆ کوردستان24: سوودانی سەردانی میسر دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی سەردانی میسر دەکات و ئەگەر هەیە چەند یاداشتنامەیەکی لێگتێگەییشتن لەگەڵ حکومەتی ئەو وڵاتە واژوو بکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی حوزەیرانی 2023، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە کوردستان24ـی گوت، "سبەی دووشەممە 12ـی حوزەیرانی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەت سەردانی وڵاتی میسر دەکات".

وەکو ئەوەی باسی عەوادی باسی دەکات، لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ میسر، سوودانی کۆمەڵێک بابەتی ئابووری، سیاسی و ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێدەکات و ئەگەر هەیە ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەییشتن لەنێوان هەردوو وڵات لە کەرتی جیاوازدا واژوو بکرێن.

ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ میسر لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 6ـی ئایاری 2023، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گەییشتە قاهیرەی پایتەختی ئەو وڵاتە بۆ بەشداریکردن لە دوو کۆبوونەوەی نائاسایی وەزاریی ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی.

بەیانی رۆژی یەکشەممەش 2ـی نیسانی 2023، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی میسری کرد و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

دوایین سەردانی سەرۆکوەزیرانێکی عێراق بۆ میسر، رۆژی دووشەممە 22ی ئابی 2022 بوو، کاتێک مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمەبەستی بەشدارییکردن لە لووتکەی پێنجقۆڵی عەرەبیی سەردانی ئەو وڵاتەی کرد.