ئیخلاس دلێمی: له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه كوردییه‌كانی دیكه شكستمان به پیلانی بچووكردنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان هێنا
K24 – هەولێر:
له درێژه‌ی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌باره‌ت به ده‌نگدان به پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵانی 2023، 2024 و 2025، شه‌وی رابردوو 10/11ـی حوزه‌یرانی 2023، ده‌نگ به مادده‌ی 14ـی پڕۆژه‌یاساكه درا، كه له یه‌كێك له بڕگه‌كانیدا ئاماژه به مامه‌ڵه‌ی راسته‌وخۆی حكومه‌تی فیدڕاڵ ده‌كات له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی هه‌رێم، له‌وباره‌یه‌وه ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی رایده‌گه‌یه‌نێت، توانیویانه شكست به‌و پیلانه بهێنن كه هه‌وڵی بچووككردنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانی ده‌دا.
ئیخلاس دلێمی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، هیوادار بوون فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان به یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیشه‌وه داكۆكی له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و له یاسای بودجه‌دا مافه‌كانی مسۆگه‌ر بكه‌ن.
هه‌روه‌ها دلێمی نیگه‌رانی خۆیشی نیشام دا سه‌باره‌ت به پێشنازی زیادكردنی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی كه پارێزگای سلێمانی له هه‌رێمی كوردستان جیا بكرێته‌وه، گوتیشی، ئه‌و بڕگه‌یه جێی داه‌خه، به‌تایبه‌ت كه هه‌رێمی كوردستان كوردستان به‌رهه‌می قوربانیدانێكی زۆر و شۆڕش و خوێنی شه‌هیدانه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، جیاكردنه‌وه‌ی پارێزگای سلێمانی له هه‌رێمی كوردستان ئه‌و بڕگه‌یه بوو، كه فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ هێزه شیعییه‌كان له‌ناو لیژنه‌ی دارایی ده‌نگیان له‌سه‌ر دا، له كاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی دیكه وێڕای بوونی ناكۆكییان سه‌باره‌ت به هه‌ندێك بابه‌ت له‌نێوانیاندا، به‌ڵام هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵوێستێكی نیشتمانییانه‌یان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕگه‌یه‌دا نیشاندا.
دلێمی گوتیشی، بێجگه له یه‌كێتی، له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی دیكه توانیویانه ئه‌و ده‌قه بگۆڕن، كه جه‌خت له‌سه‌ر دابڕاندنی ئه‌و پارێزگایه له هه‌رێمی كوردستان و مامه‌ڵه‌كردن وه‌ك پارێزگایه‌ك له‌گه‌ڵیدا ده‌كاته‌وه و ئه‌و پلانه‌یان شكستپێهێناو ئه‌و ده‌قهیان بچووك كردووه‌ته‌وه.
شه‌وی (10/11ـی حوزەیرانی 2023) بە ئامادەبوونی 241 پەرلەمانتار، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا، ماددەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجە پەسەندکرا کە تایبەتە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی یەکەمی ماددەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە، "گشت داهاتی نه‌وتی فرۆشراوی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان له هه‌ژمارێكی بانكیدا كۆده‌كرێنه‌وه و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان سه‌رپشك ده‌كرێت به خه‌رجكردنی ئه‌و داهاته و له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه چاودێری ده‌كرێت و گشت ئه‌و ئه‌ژمارانه‌ی دیكه داده‌خرێن كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كراونه‌ته‌وه.
لە بڕگەی دووەمیشدا ئاماژە بەوەکراوە، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی کوردستان به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵی و وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وردبینی له ژمارەکان ده‌كه‌ن و چاودێری ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ش ده‌كرێت كه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌م بواره واژۆكراون له‌باره‌ی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه و هه‌نارده‌ی نه‌وتەوە، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حکومەتی هه‌رێمی کوردستانیش هه‌ڵده‌ستێت به پێداچوونه‌وه‌ی مانگانە و ره‌وانه‌ی فه‌رمانگه‌ی ژمێریاری لە وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی ده‌کات.
لە بڕگەی سێیەمی ماددەکەشدا، باس لەوەکراوە، ئەو هەژمارە بانکییەی کە لە بڕگەی (یەکەم)ی سەرەوەدا ئاماژەی پێکراوە، لەگەڵ سەرجەم زانیارییەکانی ناوەوە و بەرهەمەکانی لەلایەن کۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتییەوە وردبینی دەکرێت و راپۆرتی خولیی پێشکەش بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی کوردستان دەکرێت.
لە بڕگەی چوارەمیشدا، بەیاننامەی دارایی ساڵانە و نیوە ساڵانە بە واژۆی وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وردبینیکەری سەربەخۆ (کۆمپانیای نێودەوڵەتی) پێشکەش دەکرێت و کۆپییەکی پەسەندکراوی دەدرێتە وەزارەتی دارایی فیدراڵی.
لە بڕگەی دواتریشدا هاتووە، لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا پێکدەهێندرێت بۆ ئەنجامدانی پێداچوونەوەی هەمەلایەنە بە ماوەی پێشوو لە هەموو شتێک کە پەیوەندی بە کەرتی نەوت و گازەوە هەیە لە هەرێم و پەیوەندی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و هەرێم و هاتنە دەرەوە بە دیدگایەک کە بەپێی دەستوور و قبووڵکراوی هەردوولا بێت و بتوانێت بۆ قۆناغی پێشوو یه‌كلایی بكاته‌وه.
لە بڕگەی شەشەمی ماددەی 14ـشدا ئاماژەی بەوەکراوە، لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، بڕگەکانی ئەم مادەیە (یه‌كه‌م، دووه‌م، سێیه‌م، چواره‌م، پێنجه‌م) جێبەجێ دەکرێن و تا ده‌رچوونی یاسای نه‌وت و گاز كاری پێده‌كرێت.
لە بڕگەی حەوتەمی ماددەی 14ـشدا، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کاتێک هەر جیاوازییەک لە دیدگاکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت سەبارەت بە مافەکان، ئەو پابەندبوون و میکانیزمانەی لە بڕگەکانی ئەم یاسایەدا هاتووە، لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو لایەن پێکدەهێنن بۆ رەچاوکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە وادەی پێکهێنانییەوە تا پەرلەمانی عێراق بڕیاری گونجاو بدات کە لە ماوەی 30 رۆژدا راسپاردەکانی پێشکەشدەکات.
هەروەها بڕگەی هەشت بۆ ماددەی 14 زیادکرا، کە لە دوو خاڵ پێکهاتووە و ئاماژە بەوە دەکات، لەکاتی بوونی کێشە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی بەهۆی پابەندنەبوون یان جێبەجێنەکردنی بڕگەکانی سەرەوەی ماددەکە، ئەوا پارێزگاکانی هەرێم دەتوانن راستەوخۆ داوای شایستە داراییەکانیان بکەن لە حکومەتی عێراق.