بەهۆی رووخانی تاوەرێک لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی سلێمانی چەند کرێکارێک گیانیان لەدەستدا

شوێنی رووداوەکە
شوێنی رووداوەکە

K24 – سلێمانی:

بەهۆی بەربوونەوەی تاوەرێک (کرێن) لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی سێ کرێکار گیانیان لەدەستدا و سێ کرێکاری دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە (11ـی حوزەیرانی 2023) لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی تاوەرێکی بەرزکردنەوەی قورسایی لە یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە نزیک گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، چەند کرێکارێک گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

لەلایەن خۆیەوە، سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سلێمانی بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، ئەو رووداوە لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەروون ستی بووە کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت بەهۆیەوە سێ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و تاوەکو ئێستاش هۆکاری ئەو رووداوە نەزاندراوە بەڵام لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.

یەکێک لە شایەتحاڵەکان لە نزیک رووداوەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی دوو رۆژە کرێکارەکانی ئەو پرۆژەیە لە هەوڵی بەرزکردنەوەی ئەو تاوەرەن و ئەمڕۆ نزیک کاتژمێر 3:30 دوای نیوەڕۆ، لەکاتی کارکردنی کرێکارەکان دەنگێکی بەرز هات و تاوەرەکە کەوتە خوارەوە.

هەروەها هێدی کەمال، ئەندازیار لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژە نیشتەجێبوونەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کرێکارانەی گیانیان لەدەستداوە بە رەگەز عەرەبن و تەمەنیان لە نێوان 35 بۆ 40 ساڵان دەبێت و کرێکاری ئەو کۆمپانیایە نین بەڵکو لە رێگەی بەڵێندەرەوە بۆ دانانی ئەو تاوەرە هاتوون کاریان کردووە.

ئەو ئەندازیارە باسی لەوەشکرد، دوای ئەوەی دوێنێ ئەو کرێکارانە هەستان بە بەرزکردنەوەی تاوەرەکە، بەگوێرەی رێنماییەکانی خۆپارێزی کارکردنیان لە شوێنەکە راگرتووە و بە دووری 100 مەتر لە دەورووبەری تاوەرەکە، سەرجەم کرێکار و کارمەندەکانیان دوورخستووەتەوە و شوێنەکەیان چۆڵکردووە و هیچ کێشەیەک رووینەداوە، ئەمڕۆ کرێکارەکان بۆ توندکردنەوەی بەشەکانی تاوەرەکە جارێکی دیکە هاتوون کاریان تێدا کردووە و ئەو رووداوە روویداوە.