خالید رێكانی: هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ زیادكردنی رێژه‌ی دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران
K24 – هەولێر:
په‌یامنێری كوردستان24 له‌ناو هۆڵی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، تا ئێستا رێژه‌ی یاسایی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به ده‌نگدان به مادده‌كانی پڕۆژه‌یاسای بودجه ته‌واو نه‌بووه، پێشبینی ئه‌وه‌یشی كرد، دوای ته‌وابوونی رێژه‌ی یاسایی كۆبوونه‌وه‌كه بۆ ده‌نگدان به‌و ماددانه‌ی ماون، ده‌ستپێبكاته‌وه، هاوكات په‌رله‌مانتارێكی پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ جێگیركردنی رێژه‌ی 12%ـی دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.
خالید رێكانی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی تایبه‌ت به كوردستان24 ئاماژه‌ی به‌وه كرد بێجگه له هه‌ردوو مادده‌ی 13 و 14ـی ناو پڕۆژه‌یاساكه، هاوكات له‌سه‌ر چه‌ندین مادده و بڕگه‌ی دیكه كێشه له‌نێوان فراكسیۆنه جیاوازه‌كان هه‌یه، بۆ نموونه مادده‌ی 42 كه تایبه‌ت به باج و فراكسیۆنه‌كان به‌شێكیان له‌گه‌ڵیدا نینه، چونكه پێیان وایه ئه‌و مادده‌یه باری سه‌ر شانی هاووڵاتیان قورس‌تر ده‌كات.
خالید رێكانی جه‌ختیشیكرده‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه چه‌ندین تێبینیان له‌سه‌ر مادده و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه هه‌بوو، به‌تایبه‌تی له هه‌ردوو مادده‌ی 13 و 14، به‌ڵام له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هه‌رێمی كوردستان تێپه‌ڕێندراوه. گوتیشی، فراكسیۆنی پارتی سه‌باره‌ت به دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان داوای كردووه، رێژه‌ی 12%ـی ئه‌و پاشه‌كه‌وته به فه‌رمانبه‌ران بدرێته‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا روونیشیكرده‌وه، فراكسیۆنی پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه رێژه‌ی 100%ـی پاشه‌كه‌وت به فه‌رمانبه‌ران بدرێته‌وه، به‌ڵام پێداگری ده‌كات رێژه‌ی 10% بۆ 12%ـی دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وت به‌رز بكاته‌وه له‌ناو یاساكه‌دا جێگیر بكرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له سه‌ره‌تادا پرسی دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له مادده‌ی 14ـدا بوو، به‌ڵام دواتر به بڕگه‌یه‌كی دیكه گۆڕدرا، گوتیشی، ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته جێگیر بكرێت، له بڕگه‌یه‌كی تایبه‌تدا جێگیر ده‌كرێت.
جه‌ختیشیكرده‌وه هه‌موو لایه‌نه كوردییه‌كان ته‌نانه‌ت چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیش كێشه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نییه، به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌یه‌وێ رێژه‌ی 10% بگۆڕێت بۆ رێژه‌ی 12%. روونیشیكرده‌وه، له ئه‌گه‌ری جێگیربوونی ئه‌و بڕگه له یاسای بودجه‌دا، ئه‌و كات به‌شێوه‌ی قیستی مانگانه به فه‌رمانبه‌ران ده‌درێته‌وه.
شه‌وی (10/11ـی حوزەیرانی 2023) بە ئامادەبوونی 241 پەرلەمانتار، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا، ماددەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجە پەسەندکرا کە تایبەتە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی یەکەمی ماددەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە، "گشت داهاتی نه‌وتی فرۆشراوی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان له هه‌ژمارێكی بانكیدا كۆده‌كرێنه‌وه و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان سه‌رپشك ده‌كرێت به خه‌رجكردنی ئه‌و داهاته و له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه چاودێری ده‌كرێت و گشت ئه‌و ئه‌ژمارانه‌ی دیكه داده‌خرێن كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كراونه‌ته‌وه.
لە بڕگەی دووەمیشدا ئاماژە بەوەکراوە، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی کوردستان به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵی و وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وردبینی له ژمارەکان ده‌كه‌ن و چاودێری ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ش ده‌كرێت كه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌م بواره واژۆكراون له‌باره‌ی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه و هه‌نارده‌ی نه‌وتەوە، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حکومەتی هه‌رێمی کوردستانیش هه‌ڵده‌ستێت به پێداچوونه‌وه‌ی مانگانە و ره‌وانه‌ی فه‌رمانگه‌ی ژمێریاری لە وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی ده‌کات.
لە بڕگەی سێیەمی ماددەکەشدا، باس لەوەکراوە، ئەو هەژمارە بانکییەی کە لە بڕگەی (یەکەم)ی سەرەوەدا ئاماژەی پێکراوە، لەگەڵ سەرجەم زانیارییەکانی ناوەوە و بەرهەمەکانی لەلایەن کۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتییەوە وردبینی دەکرێت و راپۆرتی خولیی پێشکەش بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی کوردستان دەکرێت.
لە بڕگەی چوارەمیشدا، بەیاننامەی دارایی ساڵانە و نیوە ساڵانە بە واژۆی وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وردبینیکەری سەربەخۆ (کۆمپانیای نێودەوڵەتی) پێشکەش دەکرێت و کۆپییەکی پەسەندکراوی دەدرێتە وەزارەتی دارایی فیدراڵی.
لە بڕگەی دواتریشدا هاتووە، لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا پێکدەهێندرێت بۆ ئەنجامدانی پێداچوونەوەی هەمەلایەنە بە ماوەی پێشوو لە هەموو شتێک کە پەیوەندی بە کەرتی نەوت و گازەوە هەیە لە هەرێم و پەیوەندی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و هەرێم و هاتنە دەرەوە بە دیدگایەک کە بەپێی دەستوور و قبووڵکراوی هەردوولا بێت و بتوانێت بۆ قۆناغی پێشوو یه‌كلایی بكاته‌وه.
لە بڕگەی شەشەمی ماددەی 14ـشدا ئاماژەی بەوەکراوە، لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، بڕگەکانی ئەم مادەیە (یه‌كه‌م، دووه‌م، سێیه‌م، چواره‌م، پێنجه‌م) جێبەجێ دەکرێن و تا ده‌رچوونی یاسای نه‌وت و گاز كاری پێده‌كرێت.
لە بڕگەی حەوتەمی ماددەی 14ـشدا، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کاتێک هەر جیاوازییەک لە دیدگاکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت سەبارەت بە مافەکان، ئەو پابەندبوون و میکانیزمانەی لە بڕگەکانی ئەم یاسایەدا هاتووە، لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو لایەن پێکدەهێنن بۆ رەچاوکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە وادەی پێکهێنانییەوە تا پەرلەمانی عێراق بڕیاری گونجاو بدات کە لە ماوەی 30 رۆژدا راسپاردەکانی پێشکەشدەکات.
هەروەها بڕگەی هەشت بۆ ماددەی 14 زیادکرا، کە لە دوو خاڵ پێکهاتووە و ئاماژە بەوە دەکات، لەکاتی بوونی کێشە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی بەهۆی پابەندنەبوون یان جێبەجێنەکردنی بڕگەکانی سەرەوەی ماددەکە، ئەوا پارێزگاکانی هەرێم دەتوانن راستەوخۆ داوای شایستە داراییەکانیان بکەن لە حکومەتی عێراق.