عارف روشدى: ناكرێت پێشێلكاری دەستووری له ناوچه‌یه‌كی فیدراڵی بكرێت
K24 – هەولێر:
راوێژكارێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان (په‌رله‌مانی عێراق) چۆن ماف به‌خۆی ده‌دات ئه‌و هه‌موو ده‌ستكارییه نایاساییه له پڕۆژه یاسای بودجه بكات.
عارف روشدی راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، به ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، ناكرێت پێشێلكاری له ناوچه‌یه‌كی فیدراڵی بكرێت، كه ده‌ستووری عێراق ئه‌و مافه‌ی پێداوه.
گوتیشی: "په‌رله‌مانی عێراق شه‌ڕ به هه‌رێمی كوردستان ده‌فرۆشێت".
له‌باره‌ی په‌رته‌وازه‌یی لایه‌نه كوردییه‌كان له به‌غدا گوتی: "لایەنە سیاسییەکان به‌رپرسن له ناردنی نوێنه‌رانی خه‌ڵك بۆ په‌رله‌مان، ئه‌وان به ده‌نگی خه‌ڵك چوونه‌ته ئه‌وێ و ده‌بیت شه‌ڕ بۆ مافه ره‌واكانی گه‌لی كورد بكه‌ن، به‌ڵام خۆیان ده‌ڵێن ئێمه (عه‌بدولمه‌ئمورین)، واته ئه‌و حزبه سیاسییانه‌ی كه ئه‌وانیان ناردووه‌ته ئه‌وێ، فه‌رمانیان پێده‌كه‌ن".
له‌باره‌ی بڕگه‌ی هه‌شتی مادده‌ی 14ی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق، عارف روشدی ده‌ڵێت: "پێشتر گوتیان بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ركووك تێك نه‌چێت، ئەو شارە راده‌ستی حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین، ئێستا كورد له كه‌ركووك "زه‌لیله"، زه‌وی و زاری داگیر دەکرێت و خه‌ڵك له‌و شاره دەردەپەڕێندرێت، ده‌بێت شاره‌كانی دیكه‌ی هەرێمی کوردستان په‌ند له دۆخی كه‌ركووك وه‌ربگرن".
روشدی ده‌پرسێت، چۆن ده‌بێت هه‌رێمێك كه زۆر له عێراق پێشكه‌وتووتره، یاخوود شارێكی وه‌كو سلێمانی، راده‌ستی عێراقی بكه‌ینه‌وه؟
باسی له‌وه‌شكرد، كه‌سێكی سه‌ر به ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ڵێت، ئه‌و بڕگانه‌ی كه بۆسه‌ر مادده‌ی 14 زیادمان كردووه، بەس نیین بۆ له قاڵبدانی هه‌رێم، جیا له‌وه‌ش یوسف كیلابی كه دۆستی براده‌رانی یه‌كێتییه، ئه‌مڕۆ قسه‌یه‌كی كردووه، ده‌ڵێت كاره‌كه‌مان پێكردن و خواحافیزیان بێت.