سەرۆك بارزانی: بە لای ئێمەوە هەرێمی كوردستان نەك تەنیا هێڵی سوورە، بەڵكو هێڵی مەرگە و یان كوردستان یان نەمانە

سه‌رۆك بارزانی
سه‌رۆك بارزانی

K24 - هەولێر:

له‌ په‌یامێكدا بۆ رای گشتی، سه‌رۆك بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت، "ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی لایەنە شۆڤێنی و موزایەدەچییەكان و هەموو ئەوانە لادا، كە نە ڕێز لە بەڵێن و ئیمزاكانیان دەنێن و نە ڕێزی بنەماكانی دەستووریش دەگرن".

سه‌رۆك بارزانی هه‌روه‌ها له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "ئێستاش كە پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا پەسەند كراوە، هیوادارم ئەوەی هەیە بە نیەتێكی پاك جێبەجێ بكرێت".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جێگەی داخێكی زۆرە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵێكی نابەرپرسانە و پێچەوانەی دەستوور بۆ قووڵكردنەوەی كێشەكان و پێشێلكردنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان هەبوو. هەموو لایەك ئاگادارن كە پێشتر گفتوگۆ و ڕێككەوتنی بنیاتنەر لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بە ئاراستەی نەهێشتنی كێشەكان لە ئارادا بوو. هەروەها حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە دەرئەنجام و ڕێككەوتنی زۆر باش و ئیجابی گەیشتبوون بۆ ئەوەی گرفتەكان چارەسەر بكرێن و هەموو لایەك خزمەتی سەقامگیریی وڵات و ژیان و گوزەرانی خەڵك بكەن، كەچی بەداخەوە هەندێك لایەنی سیاسی بە نەفەسێكی نكۆڵیكارانە و نابەرپرسیارانە لەڕێگەی دەستكاریكردنی بڕگەكانی پڕۆژەیاسای بودجە ویستیان وا بكەن هیچ مانایەك بۆ كیانی هەرێمی كوردستان نەمێنێت. بەڵام ئەو هەوڵە نابەرپرسانەیە سەری نەگرت و پووچەڵ كرایەوە. ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی لایەنە شۆڤێنی و موزایەدەچییەكان و هەروەها هەموو ئەوانە لادا كە نە ڕێز لە بەڵێن و ئیمزاكانیان دەنێن و نە ڕێزی بنەماكانی دەستووریش دەگرن.

ئێستاش كە پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا پەسەند كراوە، هیوادارم ئەوەی هەیە بە نیەتێكی پاك جێبەجێ بكرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان، موڵكی گەلی كوردستان و بەرهەمی خوێن و خەباتی گەلی كوردستانە. لە بەرانبەر هەر جۆرە هەوڵ و دەستدرێژی و بێباكییەك بۆ تێكدان و نەهێشتنی هەرێمی كوردستان بە توندی دەوەستینەوە. بە لای ئێمەوە هەرێمی كوردستان نەك تەنیا هێڵی سوورە بەڵكو هێڵی مەرگە و یان كوردستان یان نەمانە.

مسعود بارزانی

11ی حوزەیرانی 2023