باوکێک منداڵەکەی خۆی لەسەر میزکردن ئەشکەنجە دەدات و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا

K24 - هەولێر

میدیاکانی میسر بڵاویانکردەوە، منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان مردووە، ئەمەش دوای ئەوەی باوکی لێیداوە و ئەشکەنجەی داوە بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی رۆژنامەی "ئەلمیسری ئەلیەوم"، لایەنە ئەمنییەکان ئاگادارییەکیان پێگەیشتووە لە نەخۆشخانەیەک کە "تەرمی منداڵێکی"یان پێگەیشتووە گومانی لێدەکرێت بەهۆی تاوانێکەوە گیانی لەدەستدابێت.

لایەنە پەیوەندیدارەکان روویان لە شوێنی پەیوەندییەکە کردووە، لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا شوێنەواری لێدان بەسەر دەموچاوی منداڵەکەوە دەرکەوتووە، هەروەها شوێنەواری سووتان لە سەر جەستەی منداڵەکەدا هەبووە.

هەروەها لەپشکینینەکاندا شوێنەواری گازگرتن لەسەر قۆڵی چەپی منداڵەکە دەرکەوتووە، دایکی منداڵەکەش لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردووەتەوە، کە دوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی منداڵەکە لەگەڵ باوکی ماوەتەوە.

دایکەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە 4ی حوزەیرانەوە منداڵەکەی رادەستی باوکی کردووەتەوە، بۆیە گوماندەکرێت مردنی منداڵەکە کارێکی تاوانکاری بێت.

باوکەکە لەکاتی بانگهێشتکردنیدا رەتیکردەوە ئاگاداری رووداوەکە بووبێت، دواتر دانی بەوەدا ناوە کە منداڵەکەی سووتاندووە و ئەشکەنجەی داوە و زیاتر لە جارێک مێشکی  بەر زەوی کەوتووە، ئەمەش بەهۆی گریان و میزکردنی بێ ویستی خۆی بووە، بەڵام رەتیدەکاتەوە کە بە نیازی ئەوە بووبێت منداڵەکەی بکوژێت.

باوکەکە ئاشکرایکردووە، دوای ئەشکەنجەدانی، کوڕەکەی فڕێداوەتە خوارەوە لە پلیکانەکاندا، ئاماژەی بەوەشکردووە بۆ رزگارکردنی بەپەلە گەیاندوویەتە نەخۆشخانە، بەڵام گیانی لەدەستداوە.

دواتر باوکەکە رەوانەی داواکاری گشتی کرا، کە بۆ ماوەی چوار رۆژ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە تاوەکو لێکۆڵینەوەکان ئەنجام دەدرێت، هەروەها داواش لە پزیشکی دادوەری کراوە هۆکاری مردنی منداڵەکە دیاری بکرێت.