زیرەکی دەستکرد دەگاتە جیهانی مردووەکان

زیرەکی دەستکرد
زیرەکی دەستکرد

K24 - هەولێر

کۆمپانیاکان رێگە بە کڕیارەکانیان دەدەن پەیوەندی مەجازی لەگەڵ ئەو کەسانەدا بپارێزن کە کۆچی دواییان کردووە، بە پشتبەستن بە زیرەکی دەستکرد.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بانگەشەکردندا، "ریو سۆن یۆن" لەبەردەم مایکرۆفۆنێک و شاشەیەکی گەورە دادەنیشێت و هاوسەرەکەی پیشان دەدات کە چەند مانگێک لەمەوبەر کۆچی دوایی کردووە، پێی دەڵێت: "خۆشەویستەکەم، ئەمە منم،" فرمێسک دەڕێژێت و جۆرێک لە گفتوگۆ لەگەڵیدا دەست پێدەکات.

جۆزێف مێرفی، بەرپرسی پەرەپێدان لە کۆمپانیای "Deep Brain AI" ، وردەکارییەکانی سەبارەت بە بەرنامەکە بە ناوی "ری میمۆری" روون دەکاتەوە و دەڵێت: "ئێمە ناوەڕۆکی نوێ دروست ناکەین"، واتە ئەم تەکنەلۆژیایە دەستەواژەیەک دروست ناکات کە مردووەکە لە ماوەی ژیانیدا قسەی نەکردبێت و نەینووسیبێت.

جێگای سەرنجە کە هەمان بنەما لەلایەن کۆمپانیای "ستۆری فایل"ەوە پەسەند دەکرێت، کە ئەکتەری تەمەن 92 ساڵ، ویلیام شاتنەر، وەک رووخسارێکی بانگەشەکاری لە سایتەکەیدا بەکارهێناوە.

ستیڤن سمیس، بەرپرسی ئەو خزمەتگوزارییە دەڵێت: "رێبازی ئێمە ئەوەیە کە سیحری ئەو کەسە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ماوەی ژیانیدا بهێڵینەوە، دواتر زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنین".

لە چین کۆمپانیاکانی تایبەتمەند لە رێکخستنی پرسە، کارلێک بە شێوەیەکی مەجازی (رێپێدراو) لەگەڵ کەسانی مردوو پێشکەش دەکەن، بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد.

کۆمپانیای سۆمنیۆم سپەیس کە بنکەکەی لە لەندەنە، هەوڵدەدات پشت بە مێتاڤێرس ببەستێت بۆ دروستکردنی کۆپی مەجازی بەکارهێنەران لە ماوەی تەمەنیاندا، کە بوونێکی تایبەتیان دەبێت، بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ، لەم جیهانە هاوتەریبەدا دوای مردنیان.

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ری میمۆری روونیدەکاتەوە، ئەم تەکنەلۆژیایە ئامانجی گروپێکی دیاریکراوە نەک کەرتێکی گەشەسەندن، دەشڵێت: “پێشبینی ناکەم ئەمە سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت.