کەنعانی: ئێران ئامادەیە ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجامبدات

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24 – هەولێر:

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی دووشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە  ئاڵوگۆڕی دیل لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجام بدات، "ئەگەر واشنتن نیازپاکی نیشان بدات".

ئەمەش دوای ئەوە هات کە عەلی خامەنەئی رێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئاماژەی بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رۆژئاوا ئەنجامدا.

کەنعانی گوتیشی: "سەبارەت بە پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ ئەمەریکا دانوستانەکان لە ڕێگەی ناوبژیوانەکانەوە بەڕێوەدەچن، ئەگەر لایەنی بەرامبەریش هەمان  نیازپاکی نیشان بدات، ئەمە دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا رووبدات".

لە نێو ئەو ئەمەریکییانەی لە ئێران دەستبەسەرکراون، سیاماک نەمازی، بازرگانێکی ئێرانی و خاوەن رەگەزنامەی ئەمەریکییە، لە ساڵی 2016 بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا بە 10 ساڵ زیندانی سزادرابوو.

هەروەها لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوودا کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، لە ئێستادا هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ ئێراندا نییە، ئەمەریکا بەردەوامە لە پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە چۆنیەتی گەڕانەوەی ئەو ئەمریکییانەی لەوێ بە ناڕەوا دەستبەسەر کراون بۆ زێدی خۆیان.

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "هیچ ڕێککەوتنێک نییە، دوا شت کە دەمانەوێت بیکەین، هیوای درۆیە بەو خێزانانەی کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی گەڕانەوەی ئازیزەکانیان دەکەن بۆ ماڵەوە".

ئەمریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوایی تارانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە دانوستانەکانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا دوو هاووڵاتیی بە بارمتە دەستگیرکردووە.

لە چەند مانگی رابردوودا هیواکان بۆ ئازادکردنی زیندانیانی ئێرانی - ئەمەریکی لەرزۆک بووە و دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن سەبارەت بە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی وەستاون.

کاربەدەستانی ئەمەریکا پێشتر جەختیان لەوە کردبووەوە کە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئەستەم دەبێت بەبێ ئەوەی باس لە پرسی ئەمریکییەکان بکرێت کە بە ناڕەوا لە ئێران راگیراون.

گوتەبێژی کۆشکی سپی وێڕای ئیدانەکردنی زیندانیکردنی ئەمریکییەکان لەلایەن ئێرانەوە ئاماژەی بەوەدا، ئەمریکا پابەندە بە دەستەبەرکردنی ئازادی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە بە ناهەق لە دەرەوەی وڵات دەستبەسەرکراون.