گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق روو لە هاوینەهەوارەکانی زاخۆ دەکەن
K24 – زاخۆ:
لەگەڵ هاتنی وەرزی گەشتوگوزار و پشووی هاوینە، هاوینەهەوارەکانی ناوچە سنوورییەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پڕ بوونە لە گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
دوای رووداوەکانی هاوینی ساڵی رابردووی گوندی پەرەخی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کە بووە هۆی لاوازی ئاستی رووتێکردنی گەشتیاران بۆ ناوچەکە، ئەمساڵ بەهۆی ئەنجامدانی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری و دابینکردنی ئارامی زیاتر بۆ دەڤەرەکە، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران روویان سەیرانگا و هاوینەهەوارەکانی زاخۆ کردووە.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی پەیامنێری کوردستان24 لە بەدواداچوونێکیدا تۆماریکردووە، دەنگی میوزیک و گۆرانی لە ناوچە گەشتیارەکانی زاخۆ تێکەڵ بە سەما و هەڵپەرکێی گەشتیاران بووە و سەرسامی خۆیان بە کەشوهەوا و جوانی سرووشتی ناوچەکە دەردەبڕن و دەڵێن، هەست بە خۆشی و ئارامییەکی زۆر دەکەن لە مانەوەیان لە ناوچە گەشتیارییەکان.
لەپێناو زیاتر گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار کە دەڤەری زاخۆ، هاوینەهەواری گوندی پەرخێ لەسەر بودجەیەکی تایبەتی وەبەرهێنان نۆژەندەکرێتەوە و زیاتر فراوان دەکرێت.
لەلایەن خۆیەوە، چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خاڵی ئەمنی زیاتر لە دەڤەرەکە دانراوە لەپێناو زیاتر پاراستنی ئاسایش و ئارامی گەشتیاران و ناوچە گەشتیارییەکان و لە خزمەتکردنی ئەو سێکتەرەش بەردەوام دەبن.
رۆژی 20ـی تەمموزی 2022، بههۆی تۆپبارانكردنی ناوچهیهكی گهشتیاری لە گوندی پهرهخ له ئیدارهی سهربهخۆی زاخۆ، نۆ كهس شههیدبوون و 29 كهسی دیكهش برینداربوون، کە سەرجەمیان گەشتیاری عەرەبی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون، رووداوهكهش كاردانهوهی ناوخۆیی و نێودهوڵهتی لێكهوتهوه.