رێبەر ئەحمەد: ئەمەریکا ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە بابەتی دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین بەرز دەنرخێنێت

کۆنگرەی رۆژنامەوانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان
کۆنگرەی رۆژنامەوانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردوویان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا دەرئەنجامی باشیان هەبووە و، وەکو خۆی دەڵێت، واشنتن پشتگیریی خۆی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستانی دووپاتکردووەتەوە و ئەزموونی هەرێمی کوردستانی لە بابەتی دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین بەرز نرخاندووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی حوزەیرانی 2023، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەرئەنجامی سەردانەکەی بۆ هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکا بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا، کۆبوونەوەکان گرنگ بوون و دەرئەنجامی باشیان هەبووە.

وەکو ئەوەی رێبەر ئەحمەد ئاماژەی پێ دا، ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکا ئەنجامداون و "هەموو کۆبوونەوەکان دەرئەنجام و لێکتێگەییشتنی باش هەبوو و هەردوولامان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە و پێویستە پەرە بەو بەرژەوەندییانە بدەین".

ئەمەریکا پشتگیریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی، ئەمەریکا پشتگیری خۆی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی بەهێزدا دووپاتکردووەتەوە، گوتیشی، لە کۆبوونەوەکاندا ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە پرسی دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین بەرز نرخێندرا.

هەر لە کۆبوونەوەکاندا وەکو ئەوەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ دا، باس لە ئارامی و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە و، وەکو خۆی دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکاندا پاراستنی هەرێمی کوردستان یەکێک لە سەرەکیترین بابەتەکان بوو و وەکو دۆستێکی نزیکی هێزەکانی هاوپەیمانان کە رووبەڕووی تیرۆرستانی داعش بوونەتەوە تەماشە دەکرا. هاوکات رۆڵی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەیەدا بەرز نرخێندرا".

کۆبوونەوەی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیسان گوڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵات و سووریا
کۆبوونەوەی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیسان گوڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵات و سووریا

 

جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 12ـی حوزەیرانی 2023، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا هەردوولا (هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا) هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دەستووری عێراق وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و گوتی "بەشێکی کەمی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لەنێو دەستووردا جێیان بووەتەوە. هەموو ئەو داواکارییانەی دەمانویست، نەمانتوانی جێگەیان بکەینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستوورێکە هەموومان کۆکین لەسەری و، بەداخەوە وەکو پێویست جێبەجێ نەکراوە."

وەکو ئەوەی رێبەر ئەحمەد باسی کرد، هەندێک لایەن لە عێراق و هەرێمی کوردستان کێشەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق تەنها لە کێشەی مووچە و بوودجەدا بچووککردووەتەوە، کەچی "کێشەی سەرکی ئێمە، کێشەی ماددەی 140، گەڕانەوەی پەنابەران بۆ زێدی باب و باپیرانیان و ئەو ماددە دەستوورییانەیە کە تایبەتن بە بەشداریی کارا و سەیرکردنی هەرێمی کوردستان وەکو شەریکێکی ڕاستەقینە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و دروستکردنی بڕیاری سیاسی".

ئەو گۆڕانکارییانەی لە بڕگە و ماددەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە نێو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق کران، بەگوتەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان "دووربوون لە دەستوور، رێزگرتن لە یاسا، روحی پێکەوەکارکردن و بەڕێوەبردنی عێراق لەسەر ئەو سیستەمە نوێیەی کە ئێمە شەریکێکی راستەقینە بووینە لە دروستکردنی ئەو کەشوهەوایەی ئێستا لە بەغدا هەیە."

رێبەر ئەحمەد گوتی، "هەردوولامان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی پێویستە دەستوور رێزی لێ بگیرێت و توانا داراییەکانی عێراق لەگەڵ کورد، سووننە، شیعە، کریستیان، تورکمان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی وڵاتەکە  هاوبەش بکرێت. دەبێت هەمووان سوود لە بودجەی عێراق وەربگرن و بەشی راستەقینەی خۆیان لە خزمەتگوزارییەکان وەربگرن، ناکرێت تەنها سەرج بدرێتە سەر ناوچە و پێکهاتەیەک، بەڵکوو دەبێت هەموومان وەکو عێراقی سوودی لێ وەربگرین".

هەر لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، گۆڕانکارییەکانی نێو پڕۆژەیاسای بودجە دووربوون لە روحی پێکەوەژیان و دەستووری عێراق و "هەوڵدرا هەرێمی کوردستان پشتگوێ بخرێت، بەڵام لە دەرئەنجامدا ئیرادەی هێزەکانی وڵاتپارێز سەرکەوت و هەموو ئەو هەوڵانەی دەدران بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی بڕیاردان لە عێراق بەدەربخەن شکەستیان هێنا و بەهێز و باسوی وڵاتپارێزان ئەم پڕۆسەیە بەردەوام بێت".

پڕۆسەی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە 

بەگوتەی رێبەر ئەحمەد، پڕۆسەی چاکسازی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە، یەکێک بوو لە تەوەری کۆبوونەوەکان و دەڵێت، "پڕۆسەی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە و بەشێکی زۆری ئەو خاڵانەی کە لە لێکتێگەییشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتوون، جێبەجێکراون و ئەنجامی باشیان هەبووە".

 

کریس لاندبێرگ، نێردەی کاتی ئەمەریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش
کۆبوونەوەی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کریس لاندبێرگ، نێردەی کاتی ئەمەریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش

 

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی پشتگیری دامودەزگاکانی ئەمەریکایان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە نێو وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە؛ گوتیشی، "ئەمەریکا خۆشحاڵی خۆی بە پڕۆسەی چاکسازی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی و پابەندی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی هاوکابن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی توکمە و رێکخراو و رووبەڕووی هەموو هێرشەکان ببێتەوە کە رووبەڕووی دەبێتەوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، "ئەمەریکا پێی خۆشە کوردستان هەرێمێکی سەقامگیر و بەهێز بێت و دووپاتیان کردەوە، بەردەوام دەبن لە کارکردن  لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە."

دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان

رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا بابەتی دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین بوو لە هەرێمی کوردستان و گوتی، "ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پێگرین بەوەی دیمکراسییەتی هەرێمی کوردستان پەرەی پێ بدرێت و پێش بخرێت و نموونەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا بەرز نرخێندرا".

بەگوتەی رێبەر ئەحمەد، دیموکراسییەتی هەرێمی کوردستان بەلای ئەمەریکاوە گرنگە و "ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەڕووی دیموکراسی، ئازادی رادەربڕین و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان لەلایەن دۆستانمان لە ئەمەریکا زۆر بەرز نرخێندرا".

گلەیی و گازندە وەکو ئەوەی رێبەر ئەحمەد دەڵێت، "ئەگەر لە هەر شوێنێک هەبن، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆمان پیشاندا بۆ ئەوەی بەداوداچوون بۆ هەر گرفتێک دەکەین کە لە هەر ناوچەیەک دروست ببێت، بەڵام پێویستە داتا و زانیاری تەواو بێت و ئەم بابەتە بۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زۆر گرنگە. هەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەم زۆر گرنگیی بە ئازادی مافی رادەربڕین، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و پاراستنی ئافرەت و منداڵان دراوە".

ئەو هێزانەی شنگالیان کۆنتڕۆڵکردووە رێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان

پرسی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و ئەو ئاوارانەی کە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، وەکو ئەوەی ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێمی کورستان ئاماژەی پێ دا، یەكێک بوو لەو پرسە گرنگانەی لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و ئەمەریکا تاوتوێیان کردووە.

 

کلێست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی
کۆبوونەوەی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کلێست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی

 

رێبەر ئەحمەد هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بۆ زێدی خۆیان بۆ رێگری "ئەو هێزانەی بەدەر لە یاسا  شنگالیان کۆنتڕۆڵکردووە، بە پەکەکە و ئەو میلیشیانەی لەو شارە بوونیان هەیە" گەڕاندەوە و بە ئاماژەدان بەوەی، ئەو هێزانە رێگری سەرەکین لە بەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، گوتیشی، "لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال لە پەیوەندی بەردەوام داین لەگەڵ حکومەتی عێراق و دۆستانمان لە هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەمەریکا  پشتگیری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکەن، بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".  

رۆژی سێشەممە 9ـی ئۆکتۆبەری 2020، رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشووی عێراق لە شاری بەغدا واژووكرا، کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکی دەیبینێتەوە، ئەوانیش: 

1. هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ.

2. حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3. دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4. كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5. هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6. هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.

 

 

هاوکات ئوزرا زیا، راسپێردراوی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی مەدەنی پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەرەفمەند بووە بە گفتوگۆی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و جێبەجێکردنی رێکەوتنی شەنگال لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم.

راسپێردراوی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی مەدەنی ئاماژەی بەوەشدا، هەڵوێستە بەخشندەکانی حکومەتی هەرێم لە پشتیوانیکردنی بێ ماڵ و ئاوارەکان و هەوڵدانیان بۆ رووبەڕوبوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەز بەرز دەنرخێنن.