بەرپرسێکی ئەمەریکا: هیچ گفتوگۆیەک لەسەر رێککەوتنی کاتی لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا نییە

ئاڵای ئەمەریکا و ئێران
ئاڵای ئەمەریکا و ئێران

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمەریکا و ئێران گفتوگۆیان سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی کاتی نەکردووە، بەڵام واشنتنن تارانی ئاگادارکردووەتەوە لەو هەنگاوانەی کە قەیران دروست دەکەن و ئەوانەی دەتوانن کەشێکی باشتر لەنێوان هەردوولادا دروست بکەن.

ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: هیچ گفتوگۆیەک لەسەر رێککەوتنی کاتی لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا نییە.

هەفتەی رابردوو ئەمەریکا نزیکبوونەوەی هەردوو وڵات بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێکی کاتی بە "درۆ و چەواشەکارانە" ناوبرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمەریکا بۆ ئێرانی روونکردووەتەوە کە پێویستە خۆیان لەو هەنگاوانە بەدوور بگرن کە  قەیران دروست دەکات، هەروەها هەنگاوی کەمکردنەوەی گرژییەکان بگرنە بەر کە دەتوانن زەمینەیەکی ئەرێنیتر دروستبکەن".

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەدا، کە واشنتن پێی خۆشە هاوکاریی زیاتری ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان ببینێت.

بەرپرسانی ئەمەریکا و ئەوروپا لە دوای تێکچوونی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئەمەریکا و ئێران له ساڵی رابردوودا، بەدوای رێگاکانی کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاراندا دەگەڕێن.

بەپێی ئەو رێککەوتنە کە ئامانج لێی رێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئێران، تاران رەزامەندی دەربڕی لەسەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پشکنینی چڕتری نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر رزگاربوون لە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا.

ئیدارەی جۆو بایدن چەندین جار رایگەیاندووە، کە رێگە بە ئێران نادەن چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت و هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن.