نێچیرڤان بارزانی: ده‌بێ دڵنیایی تەواو هەبێت لەوەی شايسته‌ داراییيەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی دوا ناخرێن

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەبارەت بە پەسەندکردنی بودجەی عێراق رایگەیاند، ده‌بێ دڵنیایی تەواو هەبێت لەوەی شايسته‌ داراییيەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی دوا ناخرێن و فەرامۆش ناکرێن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: پێويسته‌ ياساى بودجە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت و رەچاوی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسيی دەستووری و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بكات و ماف و بەرژەوەندیيەکانيان بپارێزێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازى لە پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵيی عێراق دەکات و دەشڵێت: هیوادارین ببێتە نەخشەڕێیەکی باش بۆ پێشكه‌وتنى ئابوورى و سەقامگیريی سياسى و زەمینەیەکی باشى وەبەرهێنان دروست بكات. دەستخۆشی لە هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌ين کە دڵسۆزانە بۆ بەرژەوەنديی هاووڵاتیيان و یەکسانيی خەڵکی عێراق کاریان کرد.

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، جێگەی داخه‌ لە گفتوگۆکانی په‌رله‌ماندا، هەندێ له‌ پەرلەمانتاران بە شێوەیەکی نادروست هەڵسوکەوتیان بەرامبەر مافەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کرد.

بە بڕوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئه‌وه‌ى لە پەرلەمانی عێراق روويدا له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانى رێككه‌وتنى سياسيى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدا نايه‌ته‌وه‌ و ئه‌و ئاراسته‌ و شێوه‌يه‌ له‌ كاركردن، خزمه‌ت به‌ پرۆسه‌ى سياسى و دۆخ و داهاتووى عێراق ناكات.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی لە کاتی گفتوگۆى بودجەدا بینیویانە، مايه‌ى نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌ و جارێکی دیکە ئەو راستییه‌ى سه‌لماند كه‌ دابه‌شبوونى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان زيان به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌يه‌نێت. گوتیشی: وێڕاى ئه‌مه‌ش بە ویستى سیاسيی هاوبەش و به‌ ڕەچاوکردنی بەرژەوەنديی گشتی، دەتوانین ئه‌مه‌ بکەینە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی متمانەى نێوانمان، ڕێکخستنەوەی باشترى ناوماڵی خۆمان، خاوکردنەوەی گرژیيەکان و چارەسەری کێشەکان بۆ بەهێزکردنی زیاتری عێراق و هەرێمی کوردستان.