سوودانی و مه‌دبوولی پێشوازی لە هاتنی کۆمپانیا میسرییەکان بۆ عێراق دەکەن

کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و میسر
کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و میسر

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی میسر دەڵێت، کۆمپانیاکانیان ئامادەن بێن لە عێراق کاربکەن و سوودانیش پێشوازی لەو هەنگاوە دەکات. هاوکات هەردوو وڵات 11 یاداشتی لێکتێگەییشتنیان واژووکرد.

دوای سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ میسر، ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی حوزەیرانی 2023، لیژنه‌ی باڵای هاوبه‌شی نێوان عێراق و میسر کۆبووەوە و 11 یاداشتی لێكتێگه‌یشتن له‌ بواره‌كانی دارایی، بازرگانی، گه‌شتیاری، كارگێڕی و دیپلۆماسی و چه‌ند بوارێكی دیكه‌یان واژوو کرد. دواتر هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و میسر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجام دا.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، واژووکردنی 11 یاداشتەکە "نەخشەرێگەی پەیوەندییەکانی میسر  عێراقە، واژووکردنی یاداشتی لەم جۆرەیە گرنگی خۆی بۆ هەردوو وڵات هەیە و دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لە بوارە جیاجاکاندا لەگەڵ میسر پەرەپێبدەین".

لەبارەی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و ناچەکە بە شێوەیەکی گشتی؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، " ئێستا عێراق جۆرە سەقامگیرییەکی بەخۆیەوە بینیوە، رۆڵی پێشەنگی خۆی لە ناوچەکە گەڕاندووەتەوە و ئاسایش و سەقامگیری عێراق بەشێکە لە ئاسایش و سەقامگیری میسر".

هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و میسر پێشوازییان لە هاتنی کۆمپانی و وەبەرهێنەرە میسرییەکان بۆ عێراق کرد. سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "ژمارەیەکی زۆری وەبەرهێنەری بیانی لە عێراق هەن و کاردەکەن؛ جەخت لە بوونی کۆمپانیا میسرییەکان لە وڵاتەکەمان دەکەینەوە".

لەلایەکی دیکەوە مسته‌فا مه‌دبوولی، سەرۆکوەزیرانی میسر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپاتکردەوە و جەختی لە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ عێراق کردەوە. لەبارەی کارکردنی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی لە عێراق گوتی، "کۆمپانیاکانی میسر ئامادەن لە عێراق کاربکەن و لەماوەی داهاتوودا کۆڕبەندی ئابووریی عێراق – میسر دەکرێتەوە".

 

کۆبوونەوەت لیژنه‌ی باڵای هاوبه‌شی نێوان عێراق و میسر
کۆبوونەوەت لیژنه‌ی باڵای هاوبه‌شی نێوان عێراق و میسر