مێسی له نوێترین چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانی: ته‌واو به‌شداریی مۆندیال ناكه‌مه‌وه
لیۆنێل مێسی یاریزانی نوێی یانه‌ی ئینته‌ر میامی ئه‌مریكا له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووسی وڵاتی چین رایگه‌یاند رۆناڵدینیۆ و ماڕادۆنا له‌ڕووی ته‌كنیكی لێدانی پێناڵتییه‌وه زۆر شتیان فێركردووه، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه گرینگی به باڵۆن دۆر نادات، ده‌شڵێت: ناتوانم هیچ یاریزانێك له كاروانی یاریكردنم به دیارییكراوی وه‌كو ركابه‌ری خۆم ده‌ستنیشان بكه‌م.
لیۆنێل مێسی كه ئێستا له‌گه‌ڵ شاندنی هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا له وڵاتی چینه ئامۆژگاریی یاریزانه لاوه‌كان ده‌كات، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هه‌رچه‌نده مامۆستا نیم، به‌ڵام داوا له یاریزانه لاوه‌كان و نه‌وه‌ی داهاتوو ده‌كه‌م ئاگایان له خۆیان بێت، كاروانی وه‌رزشی یاریزانان زۆر به‌خێرایی تێپه‌ڕ ده‌بێت، خۆتان ماندووبكه‌ن و چێژ وه‌ربگرن، له دوای وازهێنان له یاریكردن جگه له تۆپی پێ نا‌توانیت له پیشه و بوارێكی دیكه كاربكه‌ن، بۆیه له ئێستاوه داهاتووتان بنیات بنێن.
له‌باره‌ی دیاریكردنی باشترین ركابه‌ره‌كانی كه رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه، لیۆ مێسی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه ناوی هیچ كه‌سێك ده‌ستنیشان بكات، له‌مباره‌یه‌وه گوتی: ڕێزێکی زۆرم بۆ هه‌موو ركابه‌ره‌كانم هەیە، سەختە یاریزانێک بە وردی وەک ڕکابەر دەستنیشان بکەم، به‌ڵام ڕێز له هه‌مووان ده‌گرم.
لیۆنێل مێسی له به‌رسیڤێكدا له‌باره‌ی مۆندیالی 2026 رایگه‌یاند كه زه‌حمه‌ته بیرۆكه‌ی خۆی بگۆڕێت و نایه‌وێت به‌شداریی له مۆندیالی داهاتوو بكات، ده‌شڵێت: له مۆندیالی 2026 ده‌مه‌وێت وه‌كو بینه‌رێك ئاماده‌م و نامه‌وێت بیرۆكه‌م بگۆڕم چونكه پێشتر گوتوومه ناتوانم به‌شداریی مۆندیالی داهاتوو بكه‌م.
مێسی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا هێمای بۆ ئه‌وه كرد له ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوو رووبه‌ڕووی زۆرترین به‌رگریكاری ئاستبه‌رز بووه‌ته‌وه، له‌مباره‌یه‌وه گوتی: ناتوانم به ته‌نیا یه‌ك به‌رگریكار وه‌كو به‌هێزترین به‌رگریكار دیاریی بكه‌م كه رووبه‌ڕووی بوومه‌ته‌وه.
لیۆ مێسی له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا ئاشكرای كرد له‌ڕووی ته‌كنیكی لێدانی پێناڵتییه‌وه زۆرترین سوودی له رۆناڵدینیۆ و ماڕادۆنا وه‌رگرتووه، ده‌شڵێت: به‌ڵام له هه‌موو شتێك گرینگر ئه‌وه‌یه كه خۆشم زۆرترین راهێنانم له‌سه‌ر لێدانی پێناڵتی كردووه.
مێسی له وه‌ڵامێكی رۆژنامه‌نووساندا رایگه‌یاند هیچ بیرۆكه‌یه‌كی نییه بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوو ببێته راهێنه‌ر، ده‌شڵێت: ده‌مه‌وێت پارێزگاری له‌و بیرۆكه‌یه‌م بكه‌م و نامه‌وێت له داهاتوو وه‌كو راهێنه‌ر ئه‌زموونێكی نوێ ده‌ست پێبكه‌م.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گواردیۆلا، ئه‌و یاریزانه‌ی پێشووی پاریس سانجێرمان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له نێوانیاندا هه‌یه، گوتیشی: گواردیۆلا دوای ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه چامپیۆنزلیگی برده‌وه سه‌لماندی باشترین راهێنه‌ری جیهانه.
له‌باره‌ی ئه‌و هاوڕێیانه‌ی كه زۆر ئاسووده‌بووه له كاتی یاریكردنی، لیۆ مێسی ئاماژه به ناوی لویس سوارێز، چاڤی هێرناندێز، نێیمار دا سیلڤا و ساموێل ئیتۆ دێنێت، پێیوایه له‌گه‌ڵ ئه‌و یاریزانانه زۆر دڵخۆشبووه.
له لێدوانێكی دیكه‌یدا له باره‌ی بردنه‌وه‌ی باڵۆن دۆر، مێسی رایده‌گه‌یه‌نێت هیچ كاتێك بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته تاكه‌كه‌سییه‌كان له‌پێشینه‌ی ئامانجه‌كانی نه‌بووه و زیاتر خه‌ڵاته به كۆمه‌ڵه‌كانی له‌لای گرینگ بووه، له‌مباره‌یه‌وه گوتی: گرینگی به باڵۆن دۆر ناده‌م، مۆندیال گرینگ‌ترین شت بوو به‌ده‌ستمهێنا.