پوتن رێككه‌وتننامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

K24 - هەولێر:

رووسیا رێککەوتننامەی تایبەت بە بەکارهێنانی دەریای ئازوف و گەرووی کێرچی لەگەڵ ئۆکرانیا هەڵدەوەشێنێتەوە.

ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا یاسای هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی نێوان وڵاتەکەی و ئۆکرانیای دەربارەی بەکارهێنانی دەریای ئازوف و گەرووی کێرچ، واژوو کرد.

بەگوێرەی یاساکە کە بە واژووی پوتن لە سیستمی زانیاری یاسایی حکومەتی رووسیا، بڵاوکراوەتەوە، رێککەوتننامەی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەربارەی بەکارهێنانی دەریای ئازوف و گەرووی کێرچ، هەڵوەشاوەتەوە.

رۆژی یەکی حوزەیران ئەنجوومەنی دوما و رۆژی حەوتی حوزەیران ئەنجوومەنی یەکێتی رووسیا، ئەم یاسایەی پەسەند کرد.

رێککەوتننامەی هەماهەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا تایبەت بە بەکارهێنانی دەریای ئازوف و گەرووی کێرچ، لە 24ی کانوونی یەکەمی 2003دا لە شاری کێرچی دوورگەی كریمیا واژوو کرابوو.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.