دۆناڵد ترەمپ: وڵاتێکی گەندەڵمان هەیە

دۆناڵد ترەمپ, سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ, سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە دوای ئامادەبوونی لەبەردەم دادگای فیدراڵی لە مەیامی، لە چێشتخانەیەک پەیامێکی ئاڕاستەی هەوادارەکانی کرد و رایگەیاند، ئەمەریکا وڵاتێکی گەندەڵە و کەسانی ناڕاستگۆ بەڕێوەی دەبەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا راشیگەیاند، ئەمەریکا هیچی نییە جگە لە کێشە و بەردەوام بۆ دواوە دەگەڕێتەوە.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە قسەکانیدا روو لە لایەنگرانی دەکات و دەڵێت: ئێوە دەبینن خەڵک لە کوێن، ئێمە خەڵکی خۆمان خۆشدەوێت، ئێوە خەڵک و ترسنۆکەکانیش دەبینن، نەتەوەکەمان بەشێوەیەک بۆ دواوە دەگەڕێتەوە کە لەپێشتردا شتی وانەبووە.

دۆناڵد ترەمپ جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی بە تۆمەتی ساختە نەیارەکانی دەستگیر دەکات.

بە گوتەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی، ئەگەر بدرێنە پاڵ سەرۆکەکانی دیکەی ئەمەریکا، ئەوا تاوانبار دەردەچن.

دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: رێک لە ناوەڕاستی بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمەتەکانم دراوەتە پاڵ، هەڵبژاردنێک کە ئەو (جۆو بایدن) زۆر بە خراپی دەیدۆڕێنێت.

بە گوێرەی راپرسییەکی نوێ، 81%ـی دەنگدەرانی کۆمارییەکان لە ئەمەریکا پێیان وایە ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ دۆناڵد ترەمپ هۆکاری سیاسییان لە پشتە.