مەسرور بارزانی: سیستەمی بانکی کۆڵەکەیەکی سەرەکی بەهێزکردنی ئابووری کوردستانە

"نابێ بانک تەنها شوێنی حەواڵەکردنی پارە بێت"
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، "سیستەمی بانکی کۆڵەکەیەکی سەرەکی بەهێزکردنی ئابووری کوردستانە، نابێ بانک تەنها شوێنی حەواڵەکردنی پارە بێت." ئاماژە بەوەش دەدات، "ئێمە لەم کابینەیە گرنگییەکی زۆرمان داوە بەوەی کە بتوانین ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین". 

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی بانکی جیهان لە هەولێر گوتی: "حەوت بانکی تر ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بەشداربن لە (هەژماری من) هەروەکو پێشتریش باسمان کردووە بۆ دوو ساڵی داهاتوو ئاواتمان وایە هەموو فەرمانبەرانی حکومەت بتوانن لەو سیستەمەدا جێگیر بکرێن".

مەسرور بارزانی، گوتیشی: "ئێمە لە حکومەت زۆر پێداگیری دەکەین لەوەی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان بە ستاندارد بکرێت بۆ ئەوەش لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقیش لە پەیوەندیداین و ئەوانیش یارمەتیدەری ئێمە بوون".

دەقی وتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

دڵخۆشم کە سەردانی بانکی جیهانم کردووە، بانکەکە بە شێوەیەکی زۆر جوان دروستکراوە. هەم لێتان پیرۆزبیت و هەم هیوادارم بتوانێت زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان بکات.

ئێمە لەم کابینەیە گرنگییەکی زۆرمان داوە بەوەی کە بتوانین ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین و کۆڵەکەی سەرەکی بەهێزکردنی ئابووری کوردستانیش سیستەمی بانکییە.

زۆر پێخۆشحاڵم کە دەبینم بانکی جیهانیش یەکێک لەو بانکانەیە کە توانیویەتی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان و لە هەمانکاتدا بەشداریش بێت لەو پڕۆژەیەی حکومەتی هەرێم کە بانگەوازی بۆ کرد، بۆ ئەوەی بەشداربن لە پڕۆژەی (هەژماری من) بانکی جیهان یەکێک بووە لەوانە.

ئێستاش بیستم کە حەفت بانکی تریش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بەشداربن لەو پڕۆژەیە کە ئەم پڕۆژەیە بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی وەرگرتنی مووچەیە، لە سەرەتاوە، هەروەکو پێشتریش باسمان کردووە بۆ دوو ساڵی داهاتوو ئاواتمان وایە هەموو فەرمانبەرانی حکومەت بتوانن لەو سیستەمەدا جێگیر بکرێن. لە هەمانکاتدا لەگەڵ هەموو بانکەکانی تریش قسە بکەین بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتی لە دەرەوەی کەرتی گشتیش بتوانێت لەم پڕۆسەیەدا بەشداربن، ببن بە خاوەنی هەژماری من لە بانکەکانی کوردستاندا، کە بێگومان لەو کاتەدا پەیوەندییەکی پتەوتر لەنێوان هاووڵاتی و بانک دروست دەکرێت.

بانک نابێت تەنها شوێنی حەواڵەکردنی پارە بێت، بەڵکو دەبێت بە دامەزراوەیەک هەم زیاتر یارمەتی هاووڵاتی بدات و هاووڵاتیش بتوانێت سوود لە ئەو هەموو ئیمکانییات و سوودانەی بانکی وەربگرێت بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی خۆیان.

ئێمە لە حکومەت زۆر پێداگیری دەکەین لەوەی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان بە ستاندارد بکرێت بۆ ئەوەش لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقیش لە پەیوەندیداین و ئەوانیش یارمەتیدەری ئێمە بوون و داواشیان لێدەکەم ئەو پڕۆسانە بۆ یارمەتیدانی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستاندا خێراتر بکەن.

 لە هەمانکاتدا سوپاسی بەڕێز وەزیری دارایی دەکەم کە پاڵپشت و هاوکار و پێداگیرەکی سەرسەخت بووە، بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پڕۆژەیە، دەستخۆشی لە خۆی و لە وەزارەتەکە و لە کارمەندان دەکەم. هەروەها سوپاسی کەرتی تایبەتیش دەکەم کە بە پیر بانگەوازی حکومەتەوە هاتن و ئەوانیش دەیانەوێت بەشداربن لە باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵک، بەوەی کە سیستەمی خزمەتگوزاریی خۆیان بە شێوەیەکی ستانداردی جیهانی بگەینن.

جارێکی دیکە دەستخۆشیتان لێدەکەم و هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن.