عادل باخه‌وان: هه‌ر لایه‌نێكی كوردی بانگه‌شه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌دا بكات ده‌رچوونه له هێڵی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی
K24 – هەولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی فه‌ره‌نسی بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وانه‌ی ده‌چنه به‌غدا، نوێنه‌رایه‌تی كه‌سی خۆیان ناكه‌ن، به‌ڵكو وه‌ك كورد نوێنه‌رایه‌تی مێژوو، ئایینده، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و میلله‌ته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، ده‌شڵێت، هه‌رێمی كوردستان و كورد و چاره‌نووسه‌كه‌ی به‌ته‌نیا موڵك و حزب و لایه‌ن و خانه‌واده‌یه‌ك نییه، به‌ڵكو موڵكی هه‌مووانه و هه‌مووان لێی به‌رپرسیارن.
عادل باخه‌وان، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی فه‌ره‌نسی بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر عێراق له به‌رنامه‌ی باسی رۆژ كه ژینۆ محه‌ممه‌د له كوردستان24 پێشكه‌شی ده‌كات، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا كه ئه‌گه‌ر وێنه‌كه به گه‌وره‌تر و وه‌ك خۆی ببینرێت، روونه كورد له رووی پێكهاته‌وه له‌پاڵ شیعه و سوننه یه‌كێكه له سێ پێكهاته سه‌ره‌كییه‌ی عێراق، كه هه‌ر یه‌كێكیشیان به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌یه و له‌ناو خودی ئه‌و پێكهاتانه‌یش چه‌ند ره‌وت و ئاراسته‌ی دیكه هه‌یه كه هه‌ر یه‌كێكیان بۆ خۆی خاوه‌نی به‌رژه‌وه‌ندی دیكه‌یه. كه‌واته وێنه‌كه به‌و شێوه‌یه روون ده‌بێته‌وه كه كورد و هه‌رێمی كوردستان له‌ناو چوارچێوه‌یه‌كی ئاڵۆزدایه، بۆیه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه كورد وه‌ك قه‌واره و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ لایه‌نێك له عێراق رێكبكه‌وێت و بگه‌ڕێته‌وه هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان و وا بزانێت یارییه‌كه كۆتاییپێهاتووه، چونكه له ستراكچه‌ری عێراقی ئێستادا، هه‌ر رێككه‌وتنێك له رۆژدا واژۆ بكرێت، ئه‌گه‌ر هه‌یه شه‌وه‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه.
سه‌باره‌ت به نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراق، ناوبراو به‌پێویستی زانی نوێنه‌رانی كورد له باشترینه‌كان بن بۆ هه‌ر گه‌مه و مانۆڕێك كه له به‌غدا ده‌كرێت و هه‌موو ده‌م ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدا بێ و ئه‌و راستییه بزانن، كه ئه‌گه‌ر هه‌یه له هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا نزیك و دۆسته‌كانیان له نه‌یاره‌كانیان زیاتر و زووتر ناپاكیان لێ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویست ده‌كات هه‌موو ستراتیژیه‌تێك ئاماده بكرێت بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ناپاكی دۆسته‌كان و حیسابكردن بۆ دوژمنه‌كان.
جه‌ختیشكرده‌وه، كورد له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵیك پره‌نسیپی ئه‌خلاقی رێككه‌وتنی كردووه، به‌شێوه‌یه‌ك كورد پێی وایه ده‌بێت به‌دوای ئه‌كته‌رێكی عێراقیدا بگه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاقی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرس و مافه‌كانی كورد و هه‌رێمی كوردستان بكات و رێز له ئیمزا و قسه و به‌ڵێنه‌كانی بگرێت، به‌ڵام له راستیدا ئه‌مه پێچه‌وانه‌كه‌ی دروسته و هیچ ئه‌گه‌رێكی له‌م شێوه‌یه له عێراقدا بوونی نییه.
عادل باخه‌وان تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كورد ده‌بێت كه‌سایه‌تییه‌كانی پۆلێنبه‌ندی یه‌كه‌می حزبه‌كان بۆ به‌غدا بنێرێت و به‌رده‌وام له‌وێ بمێننه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش نموونه‌ی به حزبی ده‌عوه و ته‌قه‌دووم و ئه‌وانی دیكه هێناوه، كه فیگه‌ر و كه‌سایه‌تییه یه‌كه‌مه‌كانیان له به‌غدان بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری خۆیان به‌سه‌ر هه‌ر رێككه‌وتن و بڕیار و هه‌ڵوێستێك نیشان بده‌ن.
جه‌ختیشكرده‌وه، ئه‌وانه‌ی ده‌چنه به‌غدا، نوێنه‌رایه‌تی خودی خۆیان له رووی سایكۆلۆژی و فیزیكییه‌وه ناكه‌ن، به‌ڵكو وه‌ك كورد نوێنه‌رایه‌تی مێژوو، ئایینده، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و میلله‌ته‌كه‌یان ده‌كه‌ن. گوتیشی، شیعه و سوننه به‌و نه‌فه‌سه‌وه كار ده‌كه‌ن و له پۆسته‌كاندا جووڵه و مانۆڕ و تاكتیكه‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌باره‌ت به پرسی په‌سندكردنی بوودجه و ده‌نگدان به بڕگه و مادده‌كانی و بانگه‌شه‌ی سه‌ركه‌وتن و شكست له‌ناو فراكسیۆنه كوردییه‌كان، گوتی، هه‌رێمی كوردستان و كورد و چاره‌نووسه‌كه‌ی به‌ته‌نیا موڵك و حزب و لایه‌ن و خانه‌واده‌یه‌ك نییه، به‌ڵكو موڵكی هه‌مووانه و هه‌مووان لێی به‌رپرسیارن، بۆیه هه‌ر لایه‌نێك بانگه‌شه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر لایه‌نه‌كه‌ی دیكه بكات، ده‌رچوونه له هێڵی گشتی و هێڵی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و بانگه‌شه‌یه‌كه گوزارشت له بچووككردنه‌وه‌ی پرسی كورد له عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان ده‌كات.