کۆتایی ئەم مانگە ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا رادەگەیەندرێت

K24 - هەولێر

کۆتایی ئەم مانگە ئەنجامى بەرایی تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان رادەگەیەندرێت.

بەگوێرەى زانیارییەکانى کوردستان24، پێش جەژنى قوربانى پیرۆز، ئەنجامى بەرایی تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان رادەگەیەندرێت، بەڵام تۆمارکردنى سکاڵا و پەڵپگرتن (تانە) لە ئەنجامەکان و ئاشکراکردنى ئەنجامى کۆتایی وەرگرتن دەکەوێتە دواى جەژنى قوربان و مانگى داهاتوو.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 14 زانکۆی حکومی، زیاتر لە حەوت هەزار و 500 دەرفەرتى خوێندنی باڵای (دکتۆرا، ماستەر، دبلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی و دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی) بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024) راگەیاند و رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، 15 هەزار و 728 پێشکەشکار تاقیکردنەوەی توانستی زانستییان ئەنجامدا.

دوای ئاشکراکردنی دەرئەنجامی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی و راگەیاندنی ناوی وەرگیراوان بۆ خوێندنی دکتۆرا، ماستەر و دبلۆمی باڵا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ دەست بە خوێندن دەکرێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، دوو هەزار و 692 پێشکەشکار بۆ خوێندنی دکتۆرا، 11 هەزار و 382 پێشکەشکار بۆ خوێندنی ماستەر و 177 پێشکەشکار بۆ خوێندنی دبلۆی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی و هەزار و 477 پێشکەشکار بۆ خوێندنی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی بەشدارییان لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی کردووە.

هەروەها رۆژی (4ـی نیسانی 2023) ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لەبارەی خوێندنی باڵاوە دەرکرد و رایگەیاند، یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆ حکومییەکان کە دانەمەزراون لە کرێی خوێندنی ماستەر دەبەخشرێن.

رۆژی 19ـی ئەیلوولی 2022، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رێنمایى پێشکەشکردن و وەرگرتن بۆ خوێندنى دیبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا دەرکرد کە کۆنمرەی پێشکەشکار بۆ خوێندنی ماستەر نابێت لە %60 کەمتربێت لە خوێندنی بەکالۆریۆس، هاوکات کۆنمرەی پێشکەشکار بۆ خوێندنی دکتۆرا نابێت لە %70 کەمتربێت لە خوێندنی ماستەر  و لە %60 کەمتر نەبێت لە خوێندنی بەکالۆریۆس، بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵاش تێكڕای نمرەی بەکالۆریۆسی پیشکەشکار رەچاو ناکرێت بۆ پێشکەشکردن.