ئاری ئەحمەد قادر: کەمی پێدانی کارەبا بە بیرەکان ببووە هۆی کەم ئاوی لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر

ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان
ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، بەهۆی چاکسازی لە چەند وێستگەیەکی کارەبا ئاستی پیدانی کارەبا کەم ببووەوە، ئەمەش وایکردبوو بەرهەمی ئاو کەمبێتەوە بە تایبەت لەو شوێنانەی کە پشت بە ئاوی بیر دەبەستن.

ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ــی راگەیاند، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی ئاوە، چونکە خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاو زیادیکردووە، هاوکات دابەزینی بەردەوامی ئاستی ئاوی ژێر زەوی گرفتێکی زۆری دروستکردەوە لەسەر حەوزی شاری هەولێر و دەوروبەری، هەروەها بوونی ژمارەیەکی زۆر لە باخچە و بەفێرۆدانی ئاویش لەلایەن هاووڵاتیان هۆکارێکی دیکەی کەم ئاوییە لە شاری هەولێر.

هەروەها راشیگەیاند، بەهۆی چاکسازی لە چەند وێستگەیەکی کارەبا ئاستی پێدانی کارەبا کەم ببووەوە، ئەمەش وایکردبوو بەرهەمی ئاو کەمبێتەوە بە تایبەت لەو شوێنانەی کە پشت بە ئاوی بیر دەبەستن.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد، بەشێک لە کێشەکان چارەسەردەبێت ئەگەر پێدانی کارەبی نیشتیمانی زیاد بکات، چونکە ئەو سەرچاوانەی کە ئاو دابیندەکەن پرۆژەکان و بیرەکانن، هەردووکی پێویستییان بە کارەبا هەیە، هەروەها زیاتر لە 1270 بیر لە شاری هەولێر هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، نزیکەی 250 بیر دەخرێنە سەر کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان، بۆ ماوەی چوار مانگ تا پێنج مانگ بۆ پڕکردنەوەی رێژەی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتیمانی، هاوکات رێژەی پێدانی کارەبا زیاد بکات کاتی پێدانی ئاو زیاد دەبێت.

ئاری ئەحمەد قادر، روونیکردەوە، ئەو شوێنانەی کە پرۆژەکانی ئیفرازی یەک، دوو و سێی بۆ دابینکراوە کەمترین کێشەی ئاویان هەیە، بەڵام بە دیاریکراوی ئەو شوێنانەی کە سەرچاوەی ئاوی تەنها بیرە بە تایبەت باکوور و رۆژهەڵاتی شاری هەولیر دەرەوەی بازنەی 120 مەتری ئەو شوێنانە لە شاری هەولێر کێشەی کەم ئاوییان هەیە.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، پێشووتر وەکو پلانێک وابڕیار بوو پرۆژەی ئاوی ئیفراز چوار دروستبکرێت کە لە 2015ـەوە گرێبەستێک کرا لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی، بەڵام تا ئیستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردن، هەروەها بە تەوابوونی ئەو پرۆژەیە کێشەی ئاوی نێوان پرۆژەکانی 120 و 150 مەتری چارەسەردەبێت.

لە کۆتایدا ناوبرا جەختی لەوەکردەوە، شاری هەولێر پێویستی بە پرۆژەیەکە بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی ئاوی بیرەکان، چونکە بە کارخستنی ئاوی پڕۆژەکان گرنگترە لە هی بیرەکان.