وشکەساڵی زیانی بە 200 هەزار تۆن گەنم لە گەرمیان گەیاندووە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

وشکە ساڵی و کەمبوونەوەی ئاو ئەوئافاتە مەترسیدارەیە کەوا پێشبینی دەکریت سی ساڵی داهاتوو کاریگەری لەسەر زیاتر سێ لەسەر چواری دانیشتوانی زەوی دروست بکات، گەرمیانیش مەترسیەکانی وشکەساڵی لەسەر دەرکەوتووە بەجۆرێك دووساڵی ڕابردوو زیانی زیاتر لە دووسەت هەزار تۆن گەنم دابوو، چەندین گوندیش بەشی زۆری بەهۆی بێئاویەەوە دانیشتووانی بۆ شارەکان  کۆچیان کردووە. 

گوندی بنەکەی گەرمیان، بەهۆی وشکردنی سەرچاوەکانی ئاوی گوندەکە زیاتر لە 70%ـی دانیشتووانەکەی کۆچیان بۆ شارەکان کردووە.

عەمین نووری، یەکێکە لەو هاووڵاتییانەی بەهۆی بێئاوییەوە خۆی و دوو لە براکانی گوندەکەیان بەجێهێشتووە و چوونەتە شارەکان. ئێستا بۆسەردانیکردنی ماڵی باوکی لە شارەوە هاتووە  و لەگەڵ خۆی ئاوی خواردنەوەی بۆ هێناون، چونکە دانیشتوانی گوندەکە تەنانەت بۆ ئاوی خواردنەوەش دەبێت لەگوندەکانی دەوروبەرەوە ئاو بهێنن.

عەمین نووری دەشڵێت، "لە ساڵی 2005ـەوە بەهۆی بێئاوییەوە لە گوندەکەم (بنەکەی گەرمیان) بارکردووە و گوندەکەمان زۆر بێئاوە. ئەمڕۆ لە شار هاتوومەتەوە و سێ دەبە ئاوم بۆ ماڵی باوکم هێناوە بۆ ئەوەی بیخۆنەوە، چونکە تەنانەت ئاوی خواردەنەوەشیان نییە".

بە بیرەوەریی پیاوە تەمەنەکانی گوندەکە بێت، تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 1980ـی زایینیش، دانیشتووانی گوندەکە ئاوی کانی و رووباریان بۆ خواردنەوە و بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان بەکاردەهێنا. لە دوای هەشتاکانیش رێژەی ئاو کەمبووەوە و ناچاربوون بیر لێبدەن. ئەو کاتە بە قووڵایی نۆ مەتر بیریان لێدەدا و دەستیان بە ئاو دەگەیشت، بەڵام ئێستا بە زیاتر لە 100 مەتر بیر لێدەدەن و ئاویان دەستناکەوێت.

حاجی ساڵح، یەکێکە لە دانیشتووانەی گوندەکە کە بەهۆی نەمانی ئاوەوە رووی لە شار کردوووە. وەکو خۆی دەڵێت، کاتی خۆی ئاوی زۆریان هەبوو و بێجگە لە خواردنەوە، بۆ مەبەستی ئاژەڵداری و کشتوکاڵییان بەکاردەهێنا. ئاماژە بەوەش دەدات، بیرێکی نۆ مەترییان هەبوو بە زیادەوە بەشی کاری رۆژانەیان دەکرد، بەڵام ئێستا بیری 90 تا 100 مەتریش ئاویان تێدا نەماوە، بۆیە ناچاربوونە بەرەو شار کۆچیان کردووە.

حەکیم نووری، هاووڵاتییەکی گوندی بنکەی گەرمیانە و دەڵێت، "بەهۆی بێ ئاوییەوە، زۆرینەی دانیشتووانی گوندەکە مەڕوماڵاتی فرۆشتووە و بۆ شارەکان کۆچیان کردووە. ئەو هاووڵاتییانەی ماونەتەوەش بە تانکار ئاو بۆ خۆیان دەهێنن. ساڵانە لە مانگی حەوت بەدواوە ئاو لە گوندەکەمان نامێنێت".

وشکەساڵی یەکێکە لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر گەشەپێدانی بەردەوام، نەک تەنها لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا بەڵکو تادێت لە وڵاتانی پێشکەوتووشدا کاریگەریەکانی دەرەکەون. پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 وشکەساڵی کاریگەری لەسەر زیاتر لە سێ لەسەر چواری دانیشتووانی جیهان هەبێت، لەهەریمی کوردستانیش ڕۆژ بەڕۆژ کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەی گەرمیان زیاترە بیت.