قەرزی هاووڵاتییانی تورکیا لە بانکەکان سەدا 82 زیادیکردووە

K24 - ئەنقەرە

قەرزی هاووڵاتییانی تورکیا لە بانکەکان لە ماوەی ساڵێکدا بە رێژەی سەدا 82 زیادیکردووە. کۆی گشتی خەرجییەکانی قەرزی بەکاربەر و کارتی بانکی کرێدی کارت بۆ 2 ترلیۆن و 87 ملیار لیرە بەرزبووەوە.

بەپێی داتاکانی دەزگای رێکخستن و چاودێری بانکی  (BDDK) لە ساڵی رابردوودا ئەو بڕە قەرزەی کە هاووڵاتییانی تورکیا لە بانکەکان وەریانگرتووە نزیکەی 500 ملیار لیرە زیادیکردووە و لە 878 ملیار لیرە بۆ یەک تریلیۆن و 366 ملیار لیرە زیادیکردووە.

بە پێی داتاکانی (بێرسا) لە هەفتەی یەکەمی مانگی حوزەیرانی 2023، زۆرترین قەرزی هاووڵاتییانی تورکیا بۆ قەرزی ئۆتۆمبێل بووە، کە بە رێژەی سەدا275 بووە. هەروەها لەنێوان مانگی حوزەیرانی 2022 تا حوزەیرانی 2023، کۆی گشتی قەرزی بەکاربەر کە لە بانکەکانەوە وەریگرتووە  لە 521 ملیار لیرە بۆ 851 ملیار لیرە زیادیکردووە.

قەرزی خانووبەرە لە 334 ملیار لیرە بۆ 434 ملیار لیرە بەرزبووتەوە و بە رێژەی 29.6% زیادیکردووە، هەروەها قەرزی ئۆتۆمبێل لە 21 ملیار لیرە بۆ 80 ملیار لیرە زیادیکردووە.

خەرجییەکانی کارتی بانکیی تاکەکەسی بە رێژەی لەسەدا 172 زیادی کردووە لە 265 ملیار لیرەوە بۆ 721 ملیار لیرە بەرزبوتەوە.

هەر بە گوێرەی داتاکان، ژمارەی ئەو کەسانەی کە قەرزی کەسی بەکاردەهێنن لە ساڵی رابردوودا 2.1 ملیۆن زیادیکردووە و گەیشتووەتە 38.5 ملیۆن، لە مانگی ئازاردا 173 هەزار کەس بۆ یەکەمجار کارتی بانکی بەکارهێناوە، 170 هەزار کەسیان بۆ یەکەمجار لە رێگەی کارتەکەیانەوە قەرزی بەکاربەریان بەکارهێناوە.

هەر هاووڵاتییەکی تورکیا لە تەمەنی  18 ساڵیەوە مافی ئەوەی هەیە کرێدی کارتی هەبێت و داوای قەرز لە بانکەکان بکات. بانکیش بە پێی پارەکە رێژەیەکی سووی بانکی دیاری دەکات و پێویستە هاووڵاتی مانگانە پارەکە بگەڕێنێتەوە بۆ بانک، لە ئەگەری سەرپێچی کردن یا خود نەدانەوەی پارە بە بانک سکاڵا لە دەژی تۆمار دەکات.