لە ئۆگەندا هێرش کرایە سەر قوتابخانەیەک و 41 کەس کوژران

K24 - هەولێر

لە هێرشێکی تیرۆریستییدا بۆسەر قوتابخانەیەک لە سنووری رۆژئاوای ئۆگەندا، 41 کەس گیانیان لەدەستدا کە 38یان قوتابی بوون.

گرووپێکی یاخی بەناوی هێزەکانی هاوپەیمانی دیموکراسیی هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەکی ناوچەی مپۆندوی سنووری ئۆگەندا-کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و ئاگری لە بەشە ناوخۆیی قوتابخانەکە بەردا.

سیلیڤێست ماپۆزی، بەڕێوەبەری ناوچەی سنووری مپۆندوی-لهوبیریها ئاماژەی بەوە کرد، 41 تەرمیان لە قوتابخانەکە هێناوەتەدەرەوە، لەوانەش 38یان قوتابین.

ماپۆزی باسی لەوە کرد قوتابییەکان بەهۆی سووتان، گولـلـە یان چەقۆ لێدانەوە گیانیان لەدەستداوە و، سێ کەسەکەی دیکە یەکێکیان کارمەندی ئاسایش بووە و دووانەکەی دیکەش ئەندامی کۆمەڵگە خۆجێییەکە بوون.

هاوکات سوپای ئۆگەندا شوێن ئەنجامدەرانی هێرشەکە کەوتووە کە ژمارەیەکی زۆر کەسی رفاندووە.

گرووپێکی یاخی بەناوی هێزەکانی هاوپەیمانی دیموکراسیی لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانەوە لە ئۆگەندا و کۆماری کۆنگۆی دیموکرات دەستی بە چالاکی کردووە و لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا، سەدان کەسی سڤیلی کوشتووە و سەدان هەزاری دیکەی ناچار بە ئاوارەبوون کردووە.