عەلی قادر: دەبێت کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەیەکی نزیک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریبکات

عەلی قادر، شارەزای بواری هەڵبژاردن
عەلی قادر، شارەزای بواری هەڵبژاردن

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی بواری هەڵبژاردن رایدەگەیەنێت، دەبێت کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەیەکی نزیک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکات. دەشڵێت: لە رووی تەکنیکیەوە دوو هەڵبژارن لە یەک کاتدا ناکرێت.

عەلی قادر، شارەزای بواری هەڵبژاردن، لە میانەی بەشداریکردنی لە دوا گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 23:00ـی کوردستان24 رایگەیاند، دەبێت بۆ یاسا بگەڕێنەوە  کە دەڵێت کاتێک پەرلەمانی کوردستان نەتوانێت کۆبێتەوە  و بڕیار دەربکات، ئەوا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ماوەی 15 رۆژ وادەی  ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریبکات.

راشیگەیاند، دەبێت کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەیەکی نزیک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریبکات.

شارەزای بواری هەڵبژاردن، گوتی: ئەو هەڵبژاردنە ناچاریە دەبێت ئەنجامبدرێت، چونکە پەلەمانی کوردستان کەوتووەتە بۆشایی یاسایی و توانای کۆبوونەوەی نییە، ئەگەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق نەتوانێت وادەیەکی نزێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکات، ئەو کات سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت لە رێگای دادگای فیدراڵیەوە داوا بکات چارەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەو دۆخەی ئێستای کوردستان.

عەلی قادر، دەشڵێت: ناکرێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە یەک کاتدا ئەنجامبدرێت، چونکە لە رووی تەکنیکیەوە دوو هەڵبژارن لە یەک کاتدا ناکرێت.

لەبارەی یاسای هەڵبژاردن، عەلی قادر، ئاماژەیدا، دەرفەت بۆ دەستکاری یاسای هەڵبژاردن نەماوە، بەڵکو هەڵبژاردن بە یاسا کۆنەکە ئەنجامدەدرێت کە یەک بازنەییە.

عەلی قادر، دووپاتیکردەوە، حزبەکانی کوردستان جگە لە ڕێککەوتن و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و لە وادەیەکی نزیکیدا هیچ چارەیەکی دیکەیان نییە.

چاوەڕێدەکرێت وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریبکرێت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە فەرمی لە وادەکە ئاگاداربکرێتەوە، لەم بارەیەوە، هاوار محەمەد، گوتەبیژی دەزگای بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پێمانباشە ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و ئەگەر لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێت ئەوە باشتریشە".

راشیگەیاند، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەتوانێت هەردوو هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات.

لەلایەن خۆیەوە، هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کاتێکدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەنجامدانی  هەر هەڵبژاردنێک پێویستی بە شەش مانگ  ئامادەکاری هەیە، بەڵام ئەو کاتە بۆ ئامادەکاری زۆرە و هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیاتر دوادەخات. گوتیشی: مەیلێک هەیە دەیەوێت هەڵبژاردن زیاتر دوابخات.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق (سێشه‌ممه‌ 30ـی ئایاری 2023) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ساڵی پێنجه‌م به‌ نایاسایی بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌ و رایگه‌یاند، هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی دوای ته‌واوبوونی چوار ساڵی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ركراون، به‌ بڕیاری پووچه‌ڵ هه‌ژمار ده‌كرێن.