وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە چین

K24 - هەولێر

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، گەیشتە چین، ئەمەش بە یەکەم سەردانی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا دادەنرێت لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بۆ پەکین.

سەردانەکەی بلینکن بۆ چین بە یەکەمین سەردانی خاوەن پۆستێکی باڵای ئەمەریکا دێت بۆ چین لە ساڵی 2018ـەوە.

بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ماوەی دوو رۆژ لە چین بمێنێتەوە و لەگەڵ کینگ کانگ وەزیری دەرەوەی چین و ژمارەیەکە بەرپرسی دیکەی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە، ئەگەری ئەوەش هەیە لەگەڵ شی جی پینگ سەرۆکی چین کۆببێتەوە.

بڕیاربوو ئەنتۆنی بلینکن سەردانەکەی بۆ چین مانگی دووی ئەمساڵ ئەنجامبدات، بەڵام بەهۆی دروستبوونی قەیرانی باڵۆنەکانی چینەوە، نێوان پەکین و واشنتن گرژی تێکەوت، ئەوەش وایکرد وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانەکەی بۆ چین دوابخات.

رۆژی هەینی (16ــی حوزەیرانی 2023)، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئەوەیە هەردوو وڵات بتوانن پەیوەندییەکانیان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بەڕێوەببەن و دوور بکەونەوە لە لێکدانەوەی هەڵە".

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، دەرگای چین هەمیشە کراوەیە بۆ گفتوگۆگان لەگەڵ ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەرگیز نەوەستاون.