پاسێکی سەردانیکەرانی عێراقی لە ئێران وەرگەڕا و بەهۆیە چوار کەس گیانیان لەدەستدا

وێنەی پاسە وەرگەڕاوەکە
وێنەی پاسە وەرگەڕاوەکە

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای خوراسانی رەزەوی لە ئێران رایگەیاند، پاسێکی سەردانیکەرانی مەزارگەری ئیمام رەزا لە رێگەی نەیشابور بۆ سەبزەوار بەرەو شاری مەشهەد، وەرگەڕا و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 30 کەسیش بریندار بوون.

ئاژانسی تەسنیمی ئێران لە زاری موحسین زەکەریان، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای خوراسانی رەزەوی بڵاویکردەوە، کاتژمێر 6:18ـی بەیانیی ئەمڕۆ 18ی حوزەیران، پاسێکی سەردانیکەرانی عێراقی لە رێگای سەبزەوار- نەیشابوور دوای ئەوەی خۆی کێشا بە دوو ئۆتۆمبێلی دیکەدا، وەرگەڕا.

ئاماژەی بەوەشکرد، سێ تیمی فرایگوزاری رەوانەی ناوچەکە کراون و تا ساتی راگەیاندنی ئەم راپۆرتە، چوار کوژراو و 31 برینداریش تۆمارکراون.

زەکەریان رایگەیاند، هەڵمەتەکانی چارەسەرکردنی بریندارانی رووداوەکە تا ئێستا بەردەوامە، گوتیشی: پاسە نەفەرهەڵگرەکە گەشتیارانی عێراقی هەڵگرتبوو، لەم رووداوەشدا سێ هاووڵاتی عێراقی دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە، کەسێکی دیکەش کە ئێرانی بووە و یارمەتیدەری شۆفێری پاسەکە بووە گیانی لەدەستداوە.

بە گوتەی پۆلیسی خوراسانی رەزەوی، هۆکاری رووداوەکە گۆڕینی ئاراستەی لەناکاوی یەکێک لەو دوو ئۆتۆمبێلە بووە کە پاسەکە خۆی پێدا کێشاون.