هەڤاڵ ئەبوبەکر: هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە رووی فڕۆکەخانەی سلێمانی

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی

K24 – هەولێر:

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر هیچ بارودۆخێکی نەخوازراو نەیەتە پێشەوە مانگی تەمموزی داهاتوو، کێشەی داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی فڕۆکەخانەی سلێمانی چارەسەر دەبێت.

رۆژی یەکشەممە (18ـی حوزەیرانی 2023)، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند، "هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا و هەڵگرتنی ئاستەنگەکان لە بەردەم فڕۆکەخانەی سلێمانی و ئەگەر هیچ بارودۆخێکی نەخوازراو نەیەتە پێشەوە مانگی داهاتوو ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت."

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی رابردوودا میوانداریی شاندێکی بازرگانی تورکیا کرد کە 25 گەورە بازرگانی تورکیا پێکهاتبوون، سەرەتایەکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی دەوڵەتی تورکیا پێیوایە گرفتە لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، چارەسەرببن.

رۆژی (3ـی نیسانی 2023)، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ راگرت و بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو بڕیارە تاک لایەنەیە و داوای روونکردنەوەمان لە وڵاتی تورکیا کردووە.

هەروەها رۆژی (5ـی نیسانی 2023) تانژۆ بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە (3ـی نیسان تا 3ـی تەمموز) ئاسمانیی تورکیا بە رووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە، کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوە/بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن.