راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی زیانی بە بازرگانان گەیاندووە

kurdistan24.net

K24 – سلێمانی:

بازرگانانی شاری سڵیمانی بەهۆی داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی، زیانماندبوونە و بۆ هاوردەکردنی کاڵاکانیان دەبێت بە ناچاری فڕۆکەخانەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن.

دلێر تاهیر، زێڕینگر، بە کوردستان24ــی راگەیاند: "بازرگانانی سلێمانی بۆ گەشتی بازرگانی ناچارن فڕۆکەخانەی شارەکانی دیکەی کوردستان بەکاربهێنن"

هەروەها راشیگەیاند: " پێویستە بە تاکسی لە سلێمانییەوە بچین بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و کەرکووک ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخ لەسەرمان، هەروەها لەکاتی هێنانی کاڵا و شتومەک لە تورکیا، کاتێک بە ئۆتۆمبێل دەگەڕێنەوە سلێمانی لە رێگا ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆرمان هەیە کە شتومەکەکانمان زیانی پێنەگات".

لەلایەن خۆیەوە عەتا محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران، بە کوردستان24ــی راگەیاند، زیان بە بازرگانان گەیشتووە وهیلاکیش بوونە بە دەم رێگاوە، هەروەها هەندێک جۆری کاڵا وەک زێر و ئەلیکترۆنییات گواستنەوەیان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاسانتربوو بۆ بازرگانان.

رۆژی (3ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ راگرت و بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو بڕیارە تاک لایەنەیە و داوای روونکردنەوەمان لە وڵاتی تورکیا کردووە.

هەروەها رۆژی (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) تانژۆ بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە (3ـی نیسان تا 3ـی تەمموز) ئاسمانیی تورکیا بە رووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە، کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوە/بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن.