حکومەتی نوێی کوهیت سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکاربوو
K24 - هەولێر:
حکومەتی نوێی کوهیت لەبەردەم شازادەی جێنشین، شێخ مهشعەل ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح سوێندی یاسیی خوارد و دەستبەکاربوو.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی کوهیت (KUNA)، شازادەی جێنشین لە کۆشکی بەیان لە پایتەخت، پێشوازی لە سەرۆکوەزیران شێخ ئەحمەد نەواف ئەلئەحمەد ئەلسەباح و وەزیرەکانی کابینە نوێ کردووە.
لە رێوڕەسمێکدا لە بەردەم شازادەی جێنشین و بە ئامادەبوونی بەرپرسە باڵاکانی وڵاتەکە، ئەندامانی کابینەکە سوێندی یاساییان خوارد.
ئەنجوومەنی نوێی وەزیرانی كوهیت، جگە لە سەرۆکوەزیران لە 15 کەس پێکدێت، کە نۆ وەزیریان لە کابینەکەی پێشوودابوون و شەش وەزیریشی تازەیە.
بەپێی رۆژنامەی ئەلجەریدەی كوهیتی، کابینەی پێنجەمی شێخ ئەحمەد نەواف ئەلئەحمەد ئەلسەباح و 44هەمین حکومەتە لە مێژووی وڵاتەکە.
سەرۆکوەزیران، شێخ ئەحمەد نەواف لە دوای هەڵبژاردنەکانی 6ی حوزەیرانی پەرلەمان، دەستی لەکار کشاندەوە و میری کوێت داوای ئەوەی لێکردبوو کە تاکو حکومەتێکی نوێ پێکدەهێندرێت لە ئەرکەکەی بمێنێتەوە.
میری کوێت، شێخ نەواف ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح لە 13ی حوزەیراندا پاڵپشتی ئەحمەد نەواف ئەلئەحمەد ئەلسەباحی کرد و بە پێکهێنانی حکومەت رایسپارد.