ساسان عەونی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخ بە پرسی کێشەی ئاو دەدات

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار

K24 - هەولێر

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێکخراوی VNGی بەهەمانگی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی، ئاستی توانای کارگێڕی و ئیدارەی شارەوانیە خۆجێیەکان کرد، دەشڵێت: سەرۆکی حکومەت بڕی دووملیار دیناری بۆ کێشەی کەم ئاوی تەرخانکردووە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەو پرۆژەیەی پێی گوترا بەرنامەی "لۆگۆریت" کە رێکخراوی VNGی بەهەمانگی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی، ئاستی توانای کارگێڕی و ئیدارەکردنی شارەوانیە خۆجێیەکان کرد، کە ئاوارەیان تێدایە، بۆ ئەوەی ئەو کۆمەڵگایانە بتوانن باشتر لەگەڵ یەک بگونجێن.

ئاماژەی بەوەشکرد: بریارە چەند پرۆژەیەک لەو شوێنانە بکرێت، لێرانە هەم کارمەندانی حکومەت سوودیان لە شارەزاییەکانی شارەزاکانی رێکخراوی VNG ی وەرگرت، هەروەها ئەوانیش سوودیان لە ئاستی ئەندازیاران و فەرمانبەرانی حکومەت وەرگرت، ئەوە لە پێنج کۆمەڵگا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر جێ بەجێ بوو، لە باسرمە و کانی قڕژالە و کەورگۆسک و قوشتەپە و سێبیران، بەرنامەش هەیە لەگەڵ ئەو رێکخراوە بەردەوام بین.

دەشڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخ بەپرسی کێشەی ئاو دەدات، هەموو فەرمانگەکانمان چ لەوەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار چ لەپارێزگای هەولێر و هەرپارێزگایەکی دیکە، کە کێشەی کەم ئاوی هەبێت، بابەتی ئاو ئەجێندای سەرەکی حکومەتە، هەروەها هەموو ئیمکانیەتەک بۆ ئەو بابەتە دابین دەکرێت، هەروەها سەرۆکی حکومەت بڕی دووملیار دیناری تەرخان کردووە بۆ ئەو بابەتە، پارێزگاکان و فەرمانگە و سەرچاوەکانی ئاو ئاوەڕۆ دەسەڵاتیان هەیە بۆ بەکارهێنانی ئەو بڕە پارەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەم ئاوی".