تورکیا گەورەترین هاوبەشی ئابووری هەرێمی كوردستانە

ئاڵای هەرێمی کوردستان (راست) و تورکیا
ئاڵای هەرێمی کوردستان (راست) و تورکیا

K24 - هەولێر

تورکیا بە دەروازەیەكی گرنگ دادەنرێت لە بەستنەوەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاواوە، گەورەترین هاوبەشی ئابووری هەرێمی كوردستانە و تاکە دەروازەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هاوکات لەگەڵ وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی باڵای دیکەی حکومەتی نوێی تورکیا کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە دەکرێت.

ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەبێتە سێیەمین سەردانی فەرمیی مەسرور بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو وڵاتە. رۆژی 28-11-2019، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم سەردانی فەرمی وەکو سەرۆکی حکومەت بۆ تورکیای ئەنجامدا  و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە.

رۆژی هەینیش 15ـی نیسانی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جاری دووەم بە سەردانێک گەیشتە تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبوووە.

هه‌رچه‌نده‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا کۆنن، بەڵام به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی دوای رووخاندنی حکومەتی بەعس لە عێراق پەیوەندییەکان به‌ره‌و باشتربوون چوون، تاوەکو گه‌یشته‌ ئاستی ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆ هه‌موو بوارەکان، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی باڵا سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ و هه‌ولێر كرا و رێككه‌وتنی هه‌مه‌جۆر له‌نێوان هه‌ردوولا واژۆكرا.

لە ئاستی سیاسیدا تورکیا مامەڵەی فەرمی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەكات و ساڵی 2011 رەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەو کاتە سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، هاتە هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری کردەوە.

ئەم سەردانانە چەند جارێک بەردەوام بوون، هەروەها لەلایەنی کوردستانیشەوە چەندین جار شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆك بارزانی چوونەتە تورکیا و لەسەر ئاستی باڵا پێشوازییان لێکراوە و چەندین جار ئاڵای کوردستانیش لە مەراسیمی پێشوازی لێکردنیان دانراوە.

گرنگترین سەردان لە ساڵی 2013، بوو کاتێک سەرۆک بارزانی سەردانی دیاربەکری کرد و لەوێ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە ئەو کات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، تایبەت بە پرسی چارەسەری ئاشتی و کۆتاییهێنان بە کێشەی کورد لە تورکیا کۆبوووە، لەوێ بە هەزاران کەس بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازیان لە سەرۆک بارزانی کرد و بە دروشمی بەخێربێی بۆ "ماڵا خۆ" بەخێرهاتنی سەرۆک بارزانییان کرد.

لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، هەرێمی کوردستان و تورکیا ھەوڵیانداوە پەیوەندییەکی پتەویان هەبێت، تاوەکو بتوانن بەسەر بەربەستە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەدا زاڵ بن و دۆخێک لە ناوچەکە دروست بکرێت کە پارێزگاری لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکرێت.

پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان، لەدوای ساڵی 2007 وە بەخێرایی پەرەیسەند. لەکاتێکدا لە ساڵی 2007 دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بوو. لە ساڵی 2013دا گەیشتە لووتکە و بۆ 8 ملیار دۆلار بەرزبووەوە.

توركیا دەیەوێت پەیوەندییه‌كانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر بكات بۆ به‌هێزتربوونی ستراتیژییەتی خۆی لەناوچەکە، بەتایبەت‌ لە رووی سیاسی و ئابووری. هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە تورکیا بە دەروازەیەکی گرنگ دەبینێت بۆ بەهێزکردنی پێگە سیاسیی و ئابوورییه‌كه‌ی.

پێگەی هەرێمی کوردستان لە بازرگانی دەرەکی تورکیا لە پلەی 19وە لە ساڵی 2007 دا بۆ پلەی سێیەم لە 2013 دا بەرزبووەوە، بۆ هەرێمی کوردستانیش تورکیا یەکەم هاوبەشی بازرگانییە و لە ستراتیژی بازرگانی هەرێمی کوردستاندا گرنگی تایبەتی هەیە.