مەسرور بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەدان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەدان.

ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی حوزەیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا و لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە، ئێستاش لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەدایە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکاندا، "گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە دەکرێت."

سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئازاد ئاڵتون پەیامنێری کوردستان24 لە ئەنقەرە رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە دیوانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەڕێوەچووە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا لەسەر سێ پرسی سەرەکی گفتوگۆیان کردووە، کە بریتین لە: پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، پرسی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوولا و پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و دۆخی سیاسی ناوچەیی بە گشتی.