لە کەرکووک لەبەرامبەر کێشانی هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر 20 هەزار دینار لە شۆفێران وەردەگیرێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

هەرچەندە بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نرخی کێشانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بە پێنج هەزار دینار دیاریکراوە، بەڵام لە قەپانەکانی کەرکووک بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان بڕی 20 هەزار دینار لە هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر وەردەگیرێت.

شۆفێرێکی بارهەڵگر کە رۆژانە بەو ڕێگەیەدا دێت و دەڕوا دەڵێت، "ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لەسەر رێگەکە دانراوە و ئەگەر پارە نەدەیت ناهێڵن برۆیت."

بۆ پشتراستکردنەوەی وەرگرتنی پارەی زیادە لە شۆفێرانی بارهەڵگر لە قەپانی رێگەی نێوان کەرکووک - سلێمانی، پەیامنێری کوردستان24 لەگەڵ مەزهەر عومەر، شۆفێری بارهەڵگر بە ئۆتۆمبێلەکەی چووە نێو قەپانەکە. کارمەندانی قەپانەکە لەجیاتی پێنج هەزار دینار، بڕی 20 هەزار دیناریان لە مەزهەر و هەموو شۆفێرێکی بارهەڵگر وەردەگرن کە لەسلێمانییەوە دێنە کەرکووک.

مەزهەر عومەر دەڵێت، "لەجیاتی پێنج هەزار، 20 هەزار دینارمان لێ وەردەگرن. ئەمە وڵاتێکی نایاساییە، تۆ هەر چی بڵێیت، هەر کەس و لەلای خۆیەوە لە شوێنێک پارە لە خەڵک وەردەگرێت، پارە کۆکردنەوەیە."

بەبڕیاری ژمارە 302ی ساڵی ـی2019 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کێشانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە دەروازەکانی شاری کەرکووک لە 20 هەزارد ینارەوە بۆ پێنج هەزار دینار کەمکرایەوە. مەریوان و هاوکار شۆفێری بارهەڵگرن و رۆژانە بە ڕێگەی نێوان کەرکووک – سلێمانی هاتووچۆ دەکەن. ئەوان دەڵێن بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە قەپانەکانی کەرکووک کاری پێناکرێت و لەدەرەوەی یاسا و ڕێنماییەکان پارە لە شۆفێران وەردەگیرێت.

مەریوان عەبدوڵڵا، یەکێکە لەو شۆفێرانەی بارهەڵگر کە لەجیاتی پێنج هەزار، 20 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت. دەڵێت، "ئەم کارە نایاساییە بە کێ بڵێین، بە حکومەت بڵێین سوپا هێرشت دەکاتە سەر، وادیارە لەگەڵیان هاوبەشن، هەزار قسەت پێدەڵێن و کەس ناوێرێت قسە بکات".

بەگوتەی هاوکار عەبدوڵڵای شۆفێر ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی لەسەر رێگاکە دانراوە و هەر کەسێک پارە نەدات دەستگیر دەکرێت. ئەو دەڵێت، "ئۆتۆمبێلێکی سەربازی سوپایان لەسەر رێگەکە داناوە. ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە لەوێ نەبێت، کەس حسابیان بۆ ناکات و 20 هەزار دیناریان پێ نادات".

هەفتەی رابردوو دەستەی دەستپاکی عێراق لەسەر وەرگرتنی پارەی زیادە لە شۆفێران چوار کەسی لە وێستگەکانی کێشان لە کەرکووک دەستگیرکرد. ئەمە جگە لەوەی بڕی 50 هەزار دیناریش بۆ کێشی هەر تۆنێک باری زیادە لە شۆفێران وەرگیراوە.

ئیدارەی کەرکووک دەڵێن ئاگاداری بارودۆخەکەن و کێشەکە لەنێوان وەبەرهێنەری پڕۆژەکە و ئیدارەی پێشووی کەرکووکە. وەبەرهێنەرەکە رایگەیاندووە پابەندی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نابێت بەوپێیەی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئیدارەی پێشووی کەرکووک هەبووە.

عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگای کەرکووک لەوبارەوە بە کوردستان24ـی گوت، "وەبەرهێنەرەکە پابەندی ئەو نرخەیە نابێت کە حکومەتی عێراق دایناوە و دەڵێت، ئێمە و ئیدارەی پێشووی کەرکووک رێککەوتنمان هەبووە."

رۆژانە لە دەروازەی کەرکووک – سلێمانی، کەرکووک – هەولێر و کەرکووک - بەغدا هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر ئەگەر باری بارکردبێت دەبێت برێ 20 هەزار دینار بدات ئینجا ڕێگەی پێدەدرێت بچێتە ناو شاری کەرکووک.