تورکیا رێژەی کەمترین مووچەی زیاد کرد

لیرەی تورکی
لیرەی تورکی

K24 - ئەنقەرە

دوای سێیەمین کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی دیاریکردنی کەمترین مووچەی تورکیا، ڤێدات ئیشیخان وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کەمترین مووچەی نوێی راگەیاند. بەگوێرەی بڕیارەکە، تورکیا کەمترین مووچە بە رێژەی سەدا 34 زیادیکردووە و گەیشتووەتە 11 هەزار و 420  لیرە کە دەکاتە 480 دۆلار.

چاوی ملیۆنان فەرمانبەر و کرێکار لەسەر کۆبوونەوەکەی کۆمسیونی دیاریکردنی کەمترین مووچە بوو، لە باکووری کوردستان و تورکیا کە ئەمڕۆ بە فەرمی کەمترین مووچە بە رێژەی سەدا 34 زیادیکرا، پێشتر کەمترین مووچە 8500 لیرە بوو کە دەکاتە 360 دۆلار، بەگوێرەی بڕیارەکە زیادکرا بۆ 11 هەزارو 402 لیرە کە دەکاتە 480 دۆلار.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە تویتێکدا رایگەیاند: کەمترین مووچە لە مانگی حوزیراندا بوو بە  11 هەزارو 402 لیرە، بەختێکی باش بۆ میلەتەکەم، یەکەمجار سوپاسی کرێکار و خاوەن کارەکان دەکەم، کە بە کۆدەنگی کاریان کرد بۆ دەستنیشانکردنی کەمترین مووچە بەناوی میللەتەکەمەوە، سوپاسی هەموولایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم کە بەشدارییان لە دیاریکردنی کەمترین حەقدەست کرد".

کۆمسیۆنی دیاریکردنی کەمترین مووچە ئەمڕۆ 20ی حوزیران بۆ جاری سێیەم بۆ زیادکردنی کەمترین مووچە کۆبووەوە. کۆمسیۆنەکە کە لە 13ی حوزەیران یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، دوێنێ بۆ جاری دووەم کۆبووەوە، ئەمڕۆش بە فەرمی زیادکردنی  کەمترین مووچەی رگەیاند و بڕیارە پێش جەژن  جەژنی قوربان مووچەی بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە وەربگرن.