نه‌وزاد هادی: بەھۆی جێبەجێنەكردنی رێككەوتننامه‌ی شنگال تا ئێستا ئاوارەكان نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان

K24 – هه‌ولێر:

به‌رپرسێكی پارتی له‌ نه‌ینه‌وا رایده‌گه‌یه‌نێت، بەھۆی جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، تا ئێستا ئاوارەكان نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و ناوچەكانیان.

 نەوزاد هادی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی له‌ نەینەوا، سەبارەت بە گرفتەكانی شنگال دەڵێ: "بوونی ھێزی جیاواز، جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، وایكردووە شنگال ئاوەدان نەكرێتەوە، چونكە ئەگەر سەرەتا ئارامی بۆ ناوچەكە نەگەڕێتەوە ناتواندرێت ئاوەدان بكرێتەوە".

 نەوزاد ھادی گوتیشی "وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال دەكەینه‌وه‌".

له‌ (9ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2020)، رێككه‌وتننامه‌ی شنگال له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌ شاری به‌غدا واژووكرا.

ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتننامه‌كه‌، شه‌ش خاڵی له‌خۆگرتووه‌، كه‌ باس له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی شنگال ده‌كات له‌رووی كارگێری، ئه‌منی و سیاسییه‌وه‌، كه‌ تا ئێستا به‌هۆی بوونی هێزی نایاسایی و رێگرییه‌كانی دیكه‌ی ئیداری و سیاسی، نه‌تواندراوه‌ جێبه‌جێ بكرێت.