حاجییەکی دیکەی کورد لە مەککە کۆچی دوایی کرد

ئەختەر ئەحمەد
ئەختەر ئەحمەد

K24 - هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 21/6/2023 دووەم حاجی لە شاری مەککەی پیرۆز کۆچی دوایی کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومەرەی هەرێمی کوردستان، حاجیەکە ناوی (ئەختەر ئەحمەد عەبدولکەریم) لەدایکبووی 1955 خەڵکی ھەڵەبجەی تازە دوایی ئەوەی بەھۆی جەڵدەی مێشک لێیداو نەشتەرگەریشی بۆکراوە بەداخەوە ئەم بەیانییە کۆچی دوایی کرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، لیژنە کارگێڕییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە  سەرقاڵی تەواو کردنی رێکارەکانن بە رەزامەندی کەسوکاری کۆچکردو دوایی نوێژ لە سەرکردنی لە شاری مەککەی پیرۆز بە خاک دەسپێردرێت.

دوێنێ 20/6/2023، حاجیەکی کورد لە شاری مەککەی پیرۆز بە ناوی (رەحیمە قادر حەسەن) کە لە دایکبووی 1957ـە و دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کۆچی دوایی کرد، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکەم جاجی کورد بوو ئەمساڵ لە مەککە کۆچی دوایی کردووە، واتا تا ئەمڕۆ دوو حاجی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییان کردووە.

بەگوێرەی داتاکان ئەمساڵ 37 هەزار هاووڵاتی لە عێراق  بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەچنە سعوودیە. لەو ژمارەیە چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن.

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، پرۆسەی گەڕانەوەی حاجیانی کوردستان لە 18/7/2023 دەستپێدەکات و لە 24ی هەمان مانگ کۆتایی دێت.