ئەمەریکا رووسیا بە هۆکاری زیادبوونی ئاوارەکان تۆمەتبار دەکات

ژمارەیەک ئاوارەی ئۆکرانی
ژمارەیەک ئاوارەی ئۆکرانی

K24 - هەولێر

نوێنەری هەمیشەییی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رووسیا بە بەرپرسار دەزانێت لە "تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی" پەنابەر و ئاوارەکان.

لیندا تۆماس-گرینفیڵد، نوێنەری هەمیشەییی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رووسیای بە بەرپرسیار زانی لە "تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی" پەنابەر و ئاوارەکان بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە.

گرینفیڵد بەبۆنەی رۆژی جیهانیی پەنابەرانەوە لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە داوە، بە ئامانجگرتنی وێستگەی کارۆئاوی و بەنداوی کاخۆڤکا لە ناوچەی خێرسۆن لەلایەن رووسیاوە، بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دووچاری کێشە ببنەوە، دەڵێت: "پوتن بەهۆی ئەو جەنگە بێپاساوەی لە ئۆکرانیا هەڵی گیرساندووە بەرپرسی سەرەکی تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی ژمارەی پەنابەر و کۆچبەرانە".

ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە کە وڵاتەکەی زیاتر لە 17 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران لە جیهان دابین کردووە، دەڵێت: "هیچ وڵاتێک بە تەنها ناتوانێت کێشەی ملیۆنان پەنابەر چارەسەر بکات، بەڵکوو ئەمە پێویستی بە هەماهەنگییە لەسەر ئاستی جیهانیدا".