ئەمەریکا: بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار هاوکاری ئۆکرانیامان کردووە

ئاڵای ئەمەریکا (راست) و ئۆکرانیا
ئاڵای ئەمەریکا (راست) و ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند لە میانی دوو ساڵدا ئەمریکا بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار و 200 ملیۆن دۆلار چەک و پێداویستیی سەربازیی بۆ ئۆکراینا دابین کردووە.

سابرینا سێن، جێگری گوتەبێژی پنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا لەو دۆخەدا حکوومەتی ئەمەریکا بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس دەتوانێت هاوکاری دیکەی سەربازیی بۆ ئۆکراینا دابین بکات.

سابرینا سێن سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بە پێی خەمڵاندنەکان پنتاگۆن لە 2023 و 2022 بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار و 200 ملیۆن دۆلار چەک و پێداویستیی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە، بە جۆرێک لە 2022 بە بەهای دوو ملیار و 600 ملیۆن دۆلار و لە 2023یش بە بەهای سێ ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە 14ـی حوزەیران بڵاوی کردوونەتەوە ئەمەریکا لە کانوونی دووەمی 2021ەوە تاکوو ئێستا بە تێکڕایی 42 ملیار دۆلار سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، تەقەمەنیی تانکشکێن و درۆنی کامیکازی'یان بۆ ئۆکراینا دابین کردووە. ​​​​​​​