فەریق سیهاد بارزانی: کاروانێکی چەکی قورسمان بەدەست دەگات

K24 – هەولێر

فەرماندەی هێزی پشتیوانی 1ی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، بڕیارە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا کاروانێکی چەکی قورس لەلایەن هاوپەیمانانەوە بگاتە دەستی پێشمەرگە.

فەریق سیهاد بارزانی فەرماندەی هێزی پشتیوانی یەك، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پێویستی زۆرمان بە هاوکاریی هاپەیمانانە و داوایان لێدەکەین زیاتر هاوکاری پێشمەرگە بکەن".

گوتیشی: "لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی و بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێزی پشتیوانی یەک بە تەواوی چەک و کەلوپەلی سەربازییەوە لە هێزی 80وە گواستراوەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و زیاتر لە دوو ساڵە ئەو پرۆسەیە جێبەجێ کراوە".

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24، سەبارەت بە گەیشتنی هاوکاری سەربازیی لە لایەن هاوپەیمانانەوە بۆ هێزی پێشمەرگە، فەریق سیهاد بارزانی گوتی: "چەکی سوکمان وەرگرتووە، بەڵام چەکی قورس هێشتا نەگەیشتووە، پێمان گوتراوە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا دەگاتە دەستمان".

راشیگەیاند: "ژمارەی ئەو چەکە قورسانە دیار نییە کە بە دەستمان دەگەن، بەڵام ئەوەی گرنگە هاوکاریی و پاڵپشتییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوامە".