"لەبارەی 400 ملیار دینارەکە بەڵێن لە وەزارەتی دارایی عێراق وەرگیراوە"

K24 – هەولێر

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەڵێن لە وەزارەتی دارایی عێراق وەرگیراوە کە 400 ملیار دیناری دیکە بنێرێت، بۆ ئەوەی پێش جەژن مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش بکرێت.

کوێستان محەممەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی رۆژنامەنووسان لەبارەی دابەشکردنی مووچە، گوتی: "دوێنێ بەڵێنەکەمان لە وەزارەتی دارایی عێراق وەرگرتووە، کە 400 ملیار دینارەکە بنێرن، چاوەڕێین و لەسەر خەتین، ئەگەر ناردیان بە دڵنیاییەوە پێش جەژن مووچەی هەموو وەزارەتەکان دابەش دەکرێت".

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ (21ـی حوزەیرانی 2023)، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەگەر سبەی پێنجشەممە بەغدا بڕێک پارە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکات، ئەوا لە زووترین کاتدا خشتەی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان رادەگەیەندرێت و پێش جەژنی قوربان مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش دەکرێت.

رۆژی یەکشەممە (18ی حوزەیرانی 2023)، دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد و بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی تا رۆژی پێنجشەممە (22ـی حوزەیرانی 2023) ئەم وەزارەت و دامودەزگایانە مووچە وەردەگرن، وەزارەتەکانی تەندروستی، دارایی، ناوخۆ، بەڕێوبەرایەتی دامودەزگا نەوتییەکان، بەڕێوبەرایەتی گشتی رەگەزنامە، دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.

پێشتر جووتیار عادل، بە کوردستان24ی راگەیاندبوو: "وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدان، بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا گرفتەکان چارەسەر بکەن، تا بتوانرێت پێش جەژن مووچەی هەموو وەزارەتەکان دابەشبکرێت".

رۆژی (15ـی حوزەیرانی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕی 400 ملیار دینار لە رێگای بانکی رەشید و رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.