سوودانییەکان سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە

بانکی خەرتوم
بانکی خەرتوم

K24 - هەولێر

بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکە فەرمانبەرانی سوودان، سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و وەزارەتی دارایی سوودانیش لە خەرتوم گواستراوەتەوە.

مامۆستایەکی سوودانی ئەڵقەی هاوسەرگیرییەکەی داکەند و لە بەردەم ئەو زێڕینگەرەی لە شاری "وەد مەدەنی"بوو، لە سەنتەری خەرتوم داینا، ئەڵقەکە کێشی سێ گرام و عەیارە 21 بوو بەهۆی هەژارییەوە بە 50 جونەیهی فرۆشت، گوتیشی: لە مانگی نیسانەوە مووچەمان وەرنەگرتووە.

گوتیشی: مووچەی مانگی نیسان و ئایار نەدراوە، ئێستاش مووچەی مانگی حوزەیران هاتووە. من لەگەڵ منداڵەکانم و هاوسەرەکەم کە فەرمانبەرە لە شەڕەکە هەڵاتم و مووچەکانیش نەدرا و بەهۆی زۆری کرێی خانووەوە ناچار بووین ئەو زێڕەکانمان یەک لە دوای یەک بیفرۆشین و من تەنها ئەڵقەکەم مابوو، کە یادگاری ژیانی هاوسەرگیریم و گەنجیم بوو ئەویشم فرۆشت.

ئەبکار ئادەم ئیبراهیم، لە زانکۆی بەحری لە خەرتوم بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، هەموو مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆ بە پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری باڵاکانیشەوە مووچەی ئەو سێ مانگەیان وەرنەگرتووە، هەروەها لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری زانکۆی جەزیرە لە شاری وەد مەدەنی پێکهێنرا بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی فەرمانبەران لەگەڵ جبریل ئیبراهیم وەزیری دارایی سوودان. گوتیشی: ئێمە وەک ئەندامانی خێزان هاوکاری یەکتر دەکەین تا خوا بیەوێت.

ئەوانەی داهاتیان سنووردارە و فەرمانبەری حکومەتن یان لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن، بەدەست نەدانی مووچەوە دەناڵێنن، بەڵام ئەوانەی داهاتی رۆژانەیان هەیە، وەک کرێکاران و کاسبکارە بچووکەکان، ئازارەکانیان زۆر زیاترە.

تۆڕەکانی رێکخراوە مەدەنییەکان دەڵێن: "خێزانەکان بێزارن لە بارودۆخەکانیان و بڕیاریاندا شاری حاجی یوسف بەجێبهێڵن بۆ شارێکی سەلامەت، بەڵام کرێی گواستنەوەیان نییە ، بژێوی ژیانیان نییە و توانای ژیانیان لەدەستداوە".

ئەم شەڕە قەیرانەکانی ئەو هاوڵاتیانەی خراپتر کردووە کە "پاشەکەوت"یان هەیە لە بانکەکاندا، چونکە داواکارییە بانکییەکان تێکچوون و داخراون، بانکەکانی خەرتوم بۆ ماوەیەکی زۆر وازیان لە کارکردن هێنا، پێش ئەوەی لقەکانیان لە ویلایەتەکان بکەنەوە.

زۆرێک لە هاووڵاتیان روویان لە شارەکانی وەد مەدەنی و پۆرتسوودان و شارەکانی دیکە کرد، بۆ ئەوەی پاشەکەوتەکانیان لە بانک وەرگرنەوە، لە لقی واد مەدەنی بانکی خەرتوم، هەزاران کەس کۆدەبنەوە و  لقەکەش ناتوانێت داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات و پارەکەیان بۆ خەرج بکات.

یەکێک لە ژنەکان لە فەیسبووک نوسیویەتی: ئافرەتێکی تەنیا و دووگیان لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگەیشتن بە پاشەکەوتەکانی لەبەردەم بانکەکە لەهۆش خۆی چوو، یارمەتی سەرەتایی بۆ کرا و بەخەبەر هاتەوە و سەرەڕای بارودۆخە سەختەکەی، خەڵک رێگەیان پێنەدا بچێتە ناو بانکەکەوە، بۆیە بۆ جاری دووەم بێهۆش بوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و کەس نازانێت چی بەسەر هات دوای ئەوە لەوانەیە مردبێت".

وەزارەتی دارایی و وەزیرەکەی گوستراونەتەوە لە خەرتومەوە بۆ پۆرتسوودان، سەرەڕای ئەوەی بەڵێنیان داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەی مووچە چارەسەر نەکراوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی "سونا" لە دوایین لێدوانی گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دارایی سوودان، کە لە 20ی ئایاردا ئاماژەی بەوە کردووە، فەرمانی بە بانکی ناوەندی سوودان کردووە مووچەی مانگی نیسان لە رێگەی لقەکانیەوە لە شارەکان بدات و بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیش فەرمانی بە لقەکانی کردووە مووچە بدەن"، بەڵام هێشتا مووچە دابەش نەکراوە، زۆربەی خەڵک لە کارەسات و هەژارییەکی سەخت دا دەژین.