وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆكی ئیمارات کۆبوونەوە

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئێران لە یەکەم گەشتیدا بۆ ئیمارات لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە و تیادا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاوازەکان تاوتوێ کران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ـی حوزەیرانی 2023)، میدیاكانی ئێران بڵاویانکردوەتەوە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە وڵاتی ئیمارات، لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەبواری سیاسی، ئابووری، بازرگانی و کلتووری تاوتوێ کران.

ئاماژە بەوەشدراوە، عەبدوڵڵاهیان بانگهێشتنامەی فەرمی ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێرانی گەیاندووەتە شێخ محەمەد بن زائد، سەرۆکی ئیمارات، بۆ ئەوەی سەردانی ئێران بكات.

 ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئیمارات لەچوارچێوەی گەشتە سێ رۆژەکەیەتی بۆ کەنداو کە دوایین هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی تارانە لە ناوچەكەدا.