شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا کۆبوونەوە

K24 – برۆکسل:

ماوەی سێ رۆژە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەفین دزەیی جموجۆڵێکی دیپلۆماسی زۆری لە ئەوروپا دەستپێکردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی بەلجیکا، لۆکسمبۆرگ و هۆڵەندا کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.

رۆژی پێنجشەممە (22ـی حوزەیرانی 2023)، یان یامبۆن، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا پێشوازی لە سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، یان یامبۆن ئاشکرای کرد، ئەوان وەکو هەرێمی فلاندێرز دۆستی نزیکی هەرێمی کوردستانن و ئامادەن بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە هەموو سێکتەرەکان، بۆ ئەوەی سەرکەوتووبن بەسەر هەموو ئاڵنگاریی و کێشەکان لەو ناوچەیەدا.

وڵاتی بەلجیکا پێکھاتووە لە سێ ھەرێم، ھەرێمی فلاندێرز، ڤالۆنیا و برۆکسل. فلاندێرز دەوڵەمەندترین ھەرێمی ئەو وڵاتەیە، لەبەرئەوەی زۆربەی وەبەرھێنان، بازرگانی و پیشەسازیی بەلجیکا دەکەوێتە ئەو ھەرێمەوە، کە ئەمەش وایکردووە رێژە و دەسەڵاتی ھەرێمی فلاندێرز لە ناو حکوومەتی فیدراڵی بەلجیکا زۆرتر بێت.

لەماوەی رابردوودا چەندین جار شاندی ئابوری و سیاسی هەردوو ئەم هەرێمە سەردانی یەکتریان کردووەو بەپێی ووتەی دەستەڵاتدارانی ئەم دوو هەرێمە رۆژ بەرۆژ پەیوەندیەکان بەهێزو باشتر دەبن.

خ
ح