هه‌ڵۆ فایه‌ق بۆ یه‌كه‌مجار چیرۆكی پشت سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئاشكرا ده‌كات
هه‌ڵۆ فایه‌ق یاریزانی یانه‌ی هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵمپی عێراق له چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تی كوردستان24 باشترین یاریزانی كورد ده‌ستنیشان ده‌كات، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه رازی شنێشلی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق زۆر له ئاستی رازیبووه، ده‌شڵێت: دایكم منی كرده ئه‌و هه‌ڵۆیه‌ی ئێستا، به‌رده‌وام دایكم ئه‌و خواردنانه‌م بۆ دروست ده‌كات كه بۆ جه‌سته‌م سوودبه‌خشه.
هه‌ڵۆ فایه‌ق نهێنی پشت سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئاشكرا ده‌كات
هه‌ڵۆ فایه‌ق به‌رگریكاری لای راستی یانه‌ی هه‌ولێر له گفتووگۆیه‌كی تایبه‌ت بۆ كوردستان24، دایكی به‌نهێنی پشت سه‌ركه‌وتنه‌كانی وه‌سف ده‌كات، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه له نێو خێزانه‌كه‌یاندا له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا هه‌موویان رێگرییان لێكردووه بۆ ئه‌وه‌ی تۆپی پێ نه‌كات، ته‌نیا دایكی له‌پشتی بووه و سه‌ربه‌ستی كردووه چی وه‌رزشێكی پێخۆشه هه‌ڵیبژێرێت و بیكات، ده‌شڵێت: له نێو خێزانه‌كه‌م ته‌نیا دایكم منی كرده ئه‌و هه‌ڵۆیه‌ی ئێستا.
هه‌ڵۆ له‌باره‌ی دایكی به‌رده‌وامی به قسه‌كانی ده‌دات و ده‌ڵێت: دایكم پاڵپشتی یه‌كه‌می منه، له هه‌موو ڕووییه‌كه‌وه ڕێنیشانده‌ری منه، ته‌نانه‌ت له‌ڕووی قسه‌كردن و گفتووگۆشه‌وه به‌رده‌وام ئامۆژگاریم ده‌كات و فێری زۆر شتم ده‌كات، ته‌نانه‌ت جۆری خواردنه‌كانیشم بۆ دیاریی ده‌كات، ئه‌و خواردنانه‌م بۆ ئاماده ده‌كات كه بۆ جه‌سته‌م سوودبه‌خشه، هۆشداریم ده‌داتێ له دووركه‌وتنه‌وه‌م له خووی خراپ، ته‌نانه‌ت له خواردنه‌وه خراپه‌كانیش ئاگادارم ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆم بپارێزم و زیان به‌جه‌سته و ته‌ندروستیم نه‌گات.
ناوی ئه‌و تیپه ئاشكرا ده‌كات كه فێری زۆر شتی كردووه
هه‌ڵۆ فایه‌ق له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می منداڵی و باسی تیپی میللی راپه‌رینی كه‌لار ده‌كات كه له‌وێوه بۆ یه‌كه‌مجار ده‌ستی به یاریكردن كردووه، هه‌ڵۆ هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌و تیپه میللییه فێری زۆر شتی كردووه، ده‌شڵێت: له تیپی میللی راپه‌ڕین فێری رێزكردن له نێو یاریگه و ده‌ره‌وه‌ی یاریگه كرام، فێری ئه‌وه‌كرام له هه‌ر شوێنێك یاریی بكه‌م و كار بكه‌م دڵسۆزبم بۆ ئه‌و شوێنه، بۆیه هه‌رگیز ئه‌و تیپه میللیه‌ی كه‌لار له‌بیرناكه‌م كه من و چه‌ندان یاریزانی دیكه له رێگه‌ی ئه‌و تیپه‌وه به‌ره‌و یانه‌گه‌وره‌كانی كوردستان و ده‌ره‌وه په‌ڕینه‌وه.
رازی شنێشل چی به هه‌ڵۆ گوتووه؟
هه‌ڵۆ فایه‌ق بۆ یه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵمپی عێراق به‌شداریی له پاڵه‌وانێتییه‌كی فه‌رمی كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كه‌می پێدرا، به‌ڵام به كوردستان24ـی راگه‌یاند رازی شنێشلی راهێنه‌ری ئۆڵمپی عێراق زۆر له ئاستی رازیبووه.
له‌مباره‌یه‌وه به‌رگریكاره‌كه‌ی لای راستی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌ڵێت: ستافی راهێنه‌رانی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵمپی عێراق له‌ڕووی مامه‌ڵه‌وه له‌گه‌ڵم زۆرباش بوون، رازی شنێشل له كۆبوونه‌وه‌كان زۆر باسی منی ده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شداریی كه‌مپی هه‌ڵبژارده‌كه‌م نه‌كردبوو ده‌رفه‌تی زۆرم پێنه‌درا، به‌ڵام راهێنه‌ر لێم رازی بوو، جارێكیان راهێنه‌ر پێی گوتم تۆ یاریزانێكی زۆرباشی، به‌ڵام یه‌كه‌مین ئه‌زموونته نامه‌وێت فشارت له‌سه‌ر دروست بكه‌م و بكه‌ویته هه‌ڵه و فشاری هانده‌رت بكه‌وێته سه‌ر.
هه‌ڵۆ له وه‌ڵامێكی كوردستان24 پێیوایه شایسته‌ی ئه‌وه‌بوو ده‌رفه‌تی باشتری له پاڵه‌وانێتی رۆژئاوای ئاسیا پێبدرێت، گوتیشی: دڵنیام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئۆڵمپی عێراق به‌شداریی كه‌مپه‌كانی پیشووم كردبا، ده‌متوانی به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی یاریی بكه‌م.
په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ڵۆ فایه‌ق و بڵند ئازاد چۆن بوو؟
له به‌رسیڤی ئه‌م ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه، هه‌ڵۆ فایه‌ق باسی له‌وه كرد په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی یاریزانه‌كانی ئۆڵمپی عێراق باشبووه، ده‌شڵێت: كه‌مێك شاره‌زاییم له زمانی عه‌ره‌بی هه‌بوو، ده‌متوانی به‌و كه‌مه عه‌ره‌بییه‌ی ده‌مزانی خۆم له بابه‌ت و گفتووگۆیه‌كان ده‌رباز بكه‌م، زۆر به‌خێرایی له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كان تێكه‌ڵبووم، به‌ڵام زیاتر له بڵند ئازاد نزیكبووم، ئه‌گه‌رچی ئه‌و نیشته‌جێیه‌ی ئه‌ورووپایه و ئینگلیزییه‌كه‌ی زۆرباشبوو، به‌ڵام له‌ڕووی به‌كارهێنانی زمانی كوردیشه‌وه هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بوو، په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێوماندا هه‌بوو، زۆربه‌ی كاته‌كان به‌یه‌كه‌وه بووین.
پێیوایه هه‌ولێر ده‌توانێت ده‌ستكه‌وته‌كانی پێشوو دووباره بكاته‌وه
كوره كه‌لارییه‌كه‌ی یانه‌كه‌ی پایته‌خت پێیوایه ده‌سته‌ی كارگێری ئێستای یانه‌ی هه‌ولێر ده‌توانێت هه‌مان نازناوه‌كانی ده‌سته‌ی پێشوو بۆ هه‌ولێری قه‌ڵاومناره دووباره بكاته‌وه، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌گه‌رچی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونیان تووشی گرفت هاتن، به‌ڵام به‌تێپه‌ڕبوونی كات توانیویانه ئاستی یانه‌كه پێشبخه‌ن و دڵنیام ده‌توانن ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی ده‌سته‌ی كارگێری پێشوو به‌ده‌ستیان هێناوه ئه‌وانیش به‌ده‌ستی بێنن.
"ئۆفه‌ری زۆرم بۆ هاتووه به‌ڵام تا هه‌ولێر پێویستی به من هه‌بێت لێره ناڕۆم"
له وڵامێكی دیكه‌ی كوردستان24 هه‌ڵۆیه‌كه‌ی گه‌رمیان ئاشكرای ده‌كات كه ئۆفه‌ری زۆرباشی له یانه گه‌وره‌كانی به‌غدا له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش بۆ هاتووه، ده‌شڵێت: تا هه‌ولێر پێویستی به من هه‌بێت لێره ناڕۆم، من له هه‌ولێر ده‌ركه‌وتووم و بیر له هیچ یانه‌یه‌كی دیكه ناكه‌مه‌وه، بۆیه هیوادارم بۆ ساڵی داهاتووش له‌گه‌ڵ هه‌ولێر دیسان بكه‌ومه رێككه‌وتن و گرێبه‌سته‌كه‌م نوێ بكه‌مه‌وه.
هه‌ڵۆ زیاتری گوت: سێیه‌م ساڵه له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر یاریی ده‌كه‌م، له وه‌رزی رابردوو بڕیارمدا ئاستی خۆم پێشبخه‌م، هاوڕێیه‌كانیشم له یانه‌ی هه‌ولێر زۆر پاڵپشتیان كردم و یاریی له دوای یاریی هه‌وڵمدا ئاستی خۆم به‌رز بكه‌مه‌وه و راهێنانی زیاترم كرد، هه‌رچه‌نده من رقم له جدیاته و هه‌ركاتێك جه‌سته‌م پێویستی به راهێنان بێت ئه‌وكات مه‌شق ده‌كه‌م.
له كام یاریزانی یانه‌ی هه‌ولێر زۆر نزیكه؟
هه‌ڵۆ فایه‌ق هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات له‌گه‌ڵ هه‌موو یاریزانه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر په‌یوه‌ندی زۆرباشه، به‌ڵام زیاتر له هه‌مووان له عه‌لی شاخه‌وان نزیكه، ده‌شڵێت: له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی یاریگه په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزم له‌گه‌ڵ عه‌لی شاخه‌وان هه‌یه، له دوای ئه‌ویش، له نێو یاریگه زۆرباش له‌گه‌ڵ شێركۆ كه‌ریم و ڕه‌وا یووسف له‌یه‌كتر تێده‌گه‌ین.
له‌باره‌ی عه‌باس عوبێد چی ده‌ڵێت؟
له نێو ئه‌و راهێنه‌رانه‌ی كه سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵۆ فایه‌قیان كردووه زیاتر له هه‌مووان به عه‌باس عوبێدی راهێنه‌ری ئێستای هه‌ولێر سه‌رسامه، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ عه‌باس عوبێد زۆر ئاسووده‌م چونكه ئه‌و راهێنه‌ره له‌ڕووی مامه‌ڵه‌كردنه‌وه له نێوان یاریزانی ئاستبه‌رز و ئاستمامناوه‌ند زۆر دادپه‌روه‌ره و رێز له هه‌موو یاریزانه‌كان ده‌گرێت و هیچ یاریزانێك به‌سه‌ر ئه‌ویتر گه‌وره ناكات و به یه‌ك چاو سه‌یریان ده‌كات.
باشترین یاریزانی كورد ده‌ستنیشان ده‌كات
له‌باره‌ی باشترین یاریزانی كورد، هه‌ڵۆ فایه‌ق ده‌ڵێت: له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوو زۆر به ئاستی شێروان كوردستان سه‌رسامبووم، ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام لای من شێركۆ كه‌ریم باشترین یاریزانی كورده له‌م سه‌رده‌مه.
هه‌ڵۆ: كه‌لار به‌رازیلی كوردستانه
هه‌ڵۆ فایه‌ق له 2020 له یانه‌ی شێروانه‌وه روویكرده هه‌ولێر، پێیوایه كه‌لار له‌ڕووی پێگه‌یاندنی یاریزانانه‌وه به‌رازیلی كوردستانه، ده‌شڵێت: گه‌رمیان به‌گشتی و كه‌لار به‌تایبه‌تی شه‌یدای وه‌رزش و تۆپی پێن، له داهاتووش ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت بێته پێش ئاماده‌م جارێكی دیكه یاریی بۆ شێروانه بكه‌مه‌وه، زۆر سووپاسیشیان ده‌كه‌م كاتێك ئۆفه‌ری هه‌ولێرم پێگه‌یشت هیچ به‌ربه‌ستیان بۆ دروست نه‌كردم.
هه‌ڵۆ به كام یاریزانی جیهانی سه‌رسامه؟
هه‌ڵۆ فایه‌ق باس له‌وه ده‌كات كه زۆر حه‌ز به‌وه ناكات له رێگه‌ی تیڤییه‌وه سه‌یری یارییه‌كانی جیهانی و ده‌ره‌وه بكات، ده‌شڵێت: هه‌ندێكجار حه‌ز به یاریكردنی تۆتێنهام ده‌كه‌م، به ئاستی كایل واڵكه‌ری به‌رگریكاری باڵی راستی مان سیتیش زۆر سه‌رسامم، له دوای هه‌ڵبژارده‌ی عێراقیش، له نێو هه‌ڵبژارده جیهانییه‌كان حه‌زم به سه‌یركردنی یاریی هه‌ڵبژارده‌ی ئێران دێت.