قائیمقامیەتی چەمچەماڵ دەستگیرکردنی بکوژی "خواناس وریا" رادەگەیەنێت

هاووڵاتیی "خواناس وریا"
هاووڵاتیی "خواناس وریا"

K24 - هەولێر

قائیمقامیەتی چەمچەماڵ رایدەگەیەنێت، "لەژێر فشاری لیژنەی ئەمنی چەمچەماڵ" بکوژی هاووڵاتیی "خواناس وریا" خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد.

ئەمڕۆ هەینی 23ـی حوزەیرانی 2023، قائیمقامیەتی چەمچەماڵ لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی بکوژی هاووڵاتیی "خواناس وریا"ـی راگەیاند.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ناوی بکوژەکە (هـ. ک. ع.)ـە و "لەژێر فشاری لیژنەی ئەمنی چەمچەماڵ" خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە. 

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، تۆمەتبارەکە هۆکاری کوشتنەکەی بۆ "جیاوازی بیروڕای ئایینی" گەڕاندووتەوە و دانیناوە بەوەی کە چەندجارێک گفتوگۆیان کردووە و لێکتێنەگەیشتن روویداوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ هەینی سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێکدا داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلەی کرد بۆ ئاشکراکردن و رادەستکردنی ئەو کەسانەی دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە.

رەمەک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ دوێنێ پێنجشەممە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و تەرمەکەش رەوانەی پزیشکی دادی چەمچەماڵ کراوە.

قایمقامی چەمچەماڵ هۆکاری کوژرانی ئەو هونەرمەندە گەنجە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی گەڕاندەوە و گوتی: بکوژەکە هاوڕێی بووە و پێشتر دەمەبۆڵەیان بووە.

هونەرمەند خواناس وریا گلیە (27 ساڵ) دوێنێ پێنجشەممە لەنێو بازاڕی قەزای چەمچەماڵ درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و کوژرا.